هیومان رایتس ۆوچ: چالاكوانانی ژینگە لەعێراق روبەڕوی هەڕەشەو تەنگپێهەڵچنین دەبنەوە
  2023-02-23       336       
جاسم ئەسەدی، چالاكوانی ژینگەی عێراقی، كە رۆژی 16ی ئەم مانگە، دوای رفاندن و دەستبەسەركردنی بۆ ماوەی زیاتر لە دو هەفتە لەلایەن گروپێكی چەكداری نەناسراوەوە، ئازادكرا

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، چالاکوانانی ژینگە لە عێراق روبەڕوی هەڕەشەو تەنگپێهەڵچنین و دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە دەبنەوە لەلایەن كاربەدەستانی حکومەت و گروپە چەکدارەکانەوە.

ئاوێنە: رێكخراوەكە لەراپۆرتێكدا ئاماژەی بە رفاندنی جاسم ئەسەدی، چالاكوانی ژینگەی عێراقی كردوە، كە رۆژی 16ی ئەم مانگە، دوای رفاندن و دەستبەسەركردنی بۆ ماوەی زیاتر لە دو هەفتە لەلایەن گروپێكی چەكداری نەناسراوەوە، ئازادكرا.

ئەسەدی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کردوە کە لە کاتی دەسبەسەربونیدا روبەڕوی "توندترین جۆرەکانی ئەشکەنجەدان بە بەكارهێنانی "کارەبا و دار" بۆتەوە، هەروەها لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە گواستراوەتەوە.

هیومان رایتس ۆوچ وتویەتی، وا دیارە ئازادکردنی ئەسەدی دوای دەستێوەردانی حکومەتی عێراق بوەو رفاندنی ناوبراو نوێترین ئەڵقەی زنجیرەیەک تۆڵەسەندنەوەیە لە دژی چالاکوانانی ژینگە کە وا دەردەكەوێت ئامانج لێیان ڕاگرتنی چالاکییەکانیان بێت.

ئادەم کوگل، جێگری بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێکخراوی هیومان ڕایتس ۆوچ رایگەیاند"حکومەتی عێراق لەبری ئەوەی هەنگاوی کۆنکرێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەكانی ژینگە لە عێراق بنێت، هێرشدەکاتە سەر ئەو کەسانەی کە لەبارەی ئەو كێشانەوە قسە دەكەن."

رێكخراوەكە هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە دەزگاکانی حکومەتی عێراق لەسەر قسەكردن لەبارەی كێشەكانی ژینگە، چەند چالاکوانێكی دیکەیان دەستبەسەرو لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کردون.

سەلمان خەیروڵا، چالاكوانی ژینگە، بە هیومان رایتس ۆوچی راگەیاندوە، پێی وایە گروپە چەکدارەکان و بەرپرسانی عێراق، ئەندامە سەرەکییەكانی بزاوتی ژینگەیی بۆ ئەوە دەكەنە ئامانج تا بێدەنگیان بكەن و پەیامێكی هەڕەشەش بێت بۆ ئەوانی دیكە.

رێكخراوەكە وتوشیەتی، پێویستە دەسەڵاتدارانی عێراق دەستبەجێ لێپرسینەوە لەو کەسانە بکەن کە بەرپرسیارن لە سزادان لە دەرەوەی یاسا وەک ڕفاندن و وازیش لە بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەری بهێنن بۆ تەنگپێهەڵچنین و تۆڵەسەندنەوە لە چالاکوانانی ژینگەو هەمو دۆسیە یاساییەکانیش لە دژیان رابگرن.

ئاماژەی بەوەشداوە، هەرچەندە وادەردەكەوێت كە حکومەتی عێراق هەنگاوی بۆ دەستێوەردان و دەستەبەرکردنی ئازادکردنی ئەسەدی ناوە، بەڵام لە حاڵەتەکانی دیکەدا دەسەڵاتدارانی عێراق بەرپرسیار بون لە تۆڵەسەندنەوە لە چالاکوانانی ژینگە لە بەرامبەر هەوڵەکانیان بۆ سەرنج خستنەسەر پێشێلکارییەکانی پەیوەست بە ژینگەو كەشوهەوای وڵاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×