هیوا ناسیح
له‌م رۆژانه‌دا کتێبی (ئێمه له دیدی ئه‌وانه‌وه)، به قه‌باره‌یه‌کی ناوه‌ندیی ١٤٥ لاپه‌ڕه‌یی و دوو توێی به‌رگێکی جوان و ره‌نگاوڕه‌نگدا دوای چاوه‌ڕوانی و کێشه‌و بێنه و به‌رده‌یه‌کی زۆر به چاپ گه‌یشت. پێشه‌کی حه‌ز ده‌که‌م ناوه‌ڕۆکی کتێبه‌که به خوێنه‌ر بناسێنم، بریتییه له سێ به‌ش، به‌م جۆره:
به‌شی یه‌که‌م کۆمه‌ڵێک وتار و ڕێپۆرتاژی ڕۆژنامه‌وانی، که له رۆژنامه و گۆڤاره ئه‌ڵمانیزمانه‌کاندا بڵاوکراونه‌ته‌وه و من له کات و ساتی خۆیدا کردومن به کوردی و له رۆژنامه و گۆڤار و سایته کوردییه‌کاندا بڵاومکردونهتهوه، هه‌رچه‌نده وا ئێستا هه‌ندێک له‌م وتارانه ساڵانێکی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام لام وایه ئه‌وانه‌ش بایه‌خی خۆیان له ده‌ست نه‌داوه، چونکه گرنگه دید و بۆچوونی ئه‌وانی دی، که به زۆری نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوسی ناسراو و پیشه‌یین له‌سه‌ر کێشه گه‌رمه‌کانی، که له‌ده‌وروبه‌ری ئێمه ڕوویداوه و زۆربه‌شیان به‌رده‌وامن، بزانین، تا بۆمان ده‌رکه‌وێت، ئه‌وان له ڕوانگه‌ی خۆیانه‌وه چۆنیان ڕوانیوه‌ته کێشه‌کان، پێشبینیان چی بووه، سه‌رنجیان چیه و ره‌خنه‌یان له چی بووه. بۆهه‌ر یه‌که‌یان هه‌وڵم داوه وێنه‌ی نوسه‌ره‌که‌ی یان یه‌ک له‌و وێنانه‌ی له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌که‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه له‌گه‌ڵی دابنێم.
به‌شی دووه‌م چه‌ند چاوپێکه‌وتنێکی رۆژنامه‌وانین، له‌مانه دوانیان خۆم ئه‌نجامم داون، یه‌که‌میان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارێکی سویسری، که ئێستا هاوسه‌رۆکی پارتی سۆسیالیستی سویسرایه، دووه‌م گه‌وره‌ترین پارتی نێو په‌رله‌مانی ئه‌م وڵاته‌یه. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ د. تۆماس شمیدینگه‌ر که ئه‌کادیمی، نوسه‌ر و توێژه‌ره‌وه‌یه‌کی ناسراوی نه‌مساییه و زۆر دۆستی کورده و چه‌ندین جار سه‌ردانی کوردستانی کردوه و چه‌ندان کتێبیشی له‌سه‌ر کورد نوسیوه.
به‌شی سێیه‌میش خوێندنه‌وه بۆ چه‌ند کتێبێکه، یان وردتر بڵێم پوخته‌ی شه‌ش کتێبه، که به زمانی ئه‌ڵمانی و له ده‌زگا به‌ناوبانگه‌کانی ئه‌وروپادا بڵاوکراونه‌ته‌وه، ناوه‌ڕه‌ۆکه‌کانیان ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به خه‌باتی گه‌لی کورد و که‌لتور و بارودۆخی کوردستان یان ئه‌و وڵاتانه‌وه هه‌یه که کوردیان به‌سه‌ردا دابه‌ش کراوه. کاتێک بۆ نمونه شیرین عه‌بادی له کتێبه‌که‌یدا باس له بارودۆخی ئێران و تاران ده‌کات له ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌کاندا، کوردیش بیه‌وێت یان نا به‌شێکه له‌و جوڵانه‌وه ئازادیخوازییه‌ی، که له‌وێدا بوونی هه‌بووه و هه‌یه. هه‌روه‌ها کتێبه‌که‌ی ئامینه به‌هرامی، که ئه‌و جۆره دیاردانه به‌داخه‌وه له که‌لتوری ئێمه‌شدا که‌موزۆر هه‌یه و بنه‌بڕ نه‌کراوه، جگه له ڕووه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌که‌ی.
هه‌روه‌ها دوو وتاری گرنگ له‌و کتێبه‌دا بڵاوکراونه‌ته‌وه که بریتین له: یه‌که‌مین ڕاپۆرتی رۆژنامه‌وانی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ئه‌نفال له میدیای رۆژئاوایی‌دا و هه‌روه‌ها وتارێکی تر که باس له په‌یوه‌ندییه نهێنییه‌کانی نێوان رژێمی سه‌ددام و ده‌زگای هه‌واڵگری وڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا (سی ئای ئه‌ی) ده‌کات.
هه‌ستم ده‌کرد ئه‌م کتێبه که‌لێنێکی بچوکی کتێبخانه‌ی کوردی پڕ ده‌کاته‌وه، چونکه دڵنیام خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌که و زانیارییه‌کانی ناوی بۆ خوێنه‌ری کورد به گشتی و بۆ چاودێرانی سیاسی و میدیاکارانی کورد به سوده. کاک به‌کر شوانی ئه‌دیب و وه‌رگێر که پێشه‌کی بۆ کتێبه‌که نوسیوه، تێیدا ده‌ڵێت: زۆربەی دەوڵەتان و میللەتانی جیهان هەر لە سەردەمانێکی زووەوە دەزگاگەلی تایبەت بە بەدواداچوون و کۆکردنەوە و ئەرشیڤکردن و وەرگێڕانی ئەو بابەتانەیان هەیە کە ئەوانی تر دەربارەیان بەرهەمی دەهێنن. وەلێ کورد، وەک خاوەن قەوارە و دەسەڵات لەم سەردەمەدا، سەرباری هەبوونی بوار و توانای پێویست، لەم بوارەدا زۆر کەمتەرخەمە و ڕای گشتیی کوردستان بەدەگمەن نەبێت، ئاگاداری ئەو هەموو بابەتە نییە کە لە دنیای ڕۆژئاوادا لەبارەیەوە بەرهەم دەهێندرێن. ئەوەش وا دەکات کەسانی خەمخۆری وەک کاک هیوا ناسیح وەک تاک و بە دەستپێشخەریی خۆیان دەست بۆ ئەرکێکی لەو جۆرە ببەن.
ئه‌م کاره‌ی من ئه‌نجامم داوه له وڵاته پێشکه‌وتوه‌کاندا کاری ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ی تایبه‌تن، تا به‌دواداچوون بۆ ئه‌و بابه‌تانه بکه‌ن، که له‌سه‌ر گه‌له‌که‌یان نوسراوه، به‌ڵام من له نه‌بوونی ئه‌و جۆره ده‌زگایانه‌دا هاتوم و ده‌ستم بردوه بۆ ئه‌م کاره، هه‌رچه‌ند نازانم ئایا کتێبخانه‌ی کوردی کتێبی وای تێدا بێت یان نا، که وتاری سیاسیی رۆژنامه‌نوس و چاودێرانی بیانی کرابێتنه کوردی و له دووتوێی کتێب‌دا بڵاوکرابێته‌وه، به‌ڵام بۆ خوێنه‌ری کورد گرنگه، که بزانێت کێشه‌ی کورد له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه چۆن ده‌بینرێت، چه‌نده جێی بایه‌خه و چه‌ند زانیاری‌یان له سه‌ری هه‌یه. من ده‌یان سه‌عات کاتی خۆم به وه‌رگێڕان و کۆکردنه‌وه و پاکنوسنکردنی بابه‌ته‌کانیه‌وه سه‌رف کردوه، له‌م بێکاتی و پڕکاری و سه‌رقاڵییه‌ی ئه‌وروپادا. بۆیه وام هه‌ست ده‌کرد، وه‌زاره‌تی ڕۆشه‌نبیری، که ساڵانه پاره‌یه‌کی زۆر به ڤیستیڤاڵی جۆراوجۆری بێ ناوه‌ڕۆک و بۆنه و شتی تردا سه‌رف ده‌کات، بێ ئه‌ملاولا کتێبه‌که‌م بۆ چاپ ده‌که‌ن و ره‌نگه خه‌ڵاتیشم بکه‌ن. که‌چی ئه‌وه‌ی بینیم وه‌ک ده‌ڵێن (چاوی ڕه‌شم کاڵ بۆوه)، چونکه رێک پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌که‌م بوو. وه‌ک لێره‌دا بۆتان ده‌نوسم.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م کتێبه له‌گه‌ڵ کتێبێکی ترمدا به‌ناوی (هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال) زیاتر له ساڵێک بوو ئاماده بوون بۆ چاپ. من نه‌مده‌ویست له‌سه‌ر حسابی خۆم چاپی بکه‌م، ئاخر ئێمهمانانێک ئه‌وانه‌ی له نزیکه‌وه بمانناسێت، ده‌زانێت که هه‌زاران دۆلارمان له ئه‌نجامدانی چالاکی و کاری خۆبه‌خشانه‌دا له‌م وڵاتانه سه‌رف کردوه، ئه‌وی کتێبی (هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال)م بخوێنێته‌وه ئه‌م ڕاستییه ده‌زانێ، بۆ ده‌بێت کتێبه‌کانیشمان له سه‌ر ئه‌رکی خۆمان چاپ بکه‌ین؟ له کاتێکدا حکومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی ڕۆشه‌نبیری ئه‌وه‌نده‌یان له‌به‌رده‌سته، که ساڵانه ده‌یان و بگره سه‌دان کتێبی له‌م جۆره چاپ بکه‌ن. یه‌ک دوو ده‌زگا و لایه‌نی حزبیش وه‌ک (ده‌زگای مام) ئاماده‌ییان ده‌ربڕی، که بۆم چاپ بکه‌ن، به‌ڵام خۆم پێم باش نه‌بوو، ده‌مویست لایه‌نێکی حکومی یان سه‌ربه‌خۆ بۆم چاپ بکه‌ن.
له ناوه‌ڕاستی ساڵی ڕابردوو په‌یوه‌ندیم کرد به هاورێیه‌که‌وه، که به‌رپرسیارییه‌تییه‌کی به‌رزی هه‌یه له به‌ڕێوبه‌رێتی گشتی ڕۆشه‌نبیریی سلێمانی، داوای ئه‌وه‌م لێکرد، چۆن ده‌توانن ئه‌و دوو کتێبه، یان کتێبکیانم له سه‌ر بودجه‌ی خۆیان بۆ چاپ بکه‌ن، دیاره ئه‌و ئاماده‌ی هاوکاریی ده‌ربڕی و پێشنیازی کرد کتێبکیان بۆ بنێرم تا بتوانن له‌سه‌ر بودجه‌ی پایته‌ختی ڕۆشه‌نبیری چاپی بکه‌ن. پاشتر کتێبی یه‌که‌مم پارێزگاری سلێمانی به‌رێز د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر بڕیاریدا له سه‌ر ئه‌رکی خۆی چاپی بکات، و بهڵینهکهشی برده سه‌ر و ئه‌وه بوو سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ کتێبه‌که‌یان چاپ کرد.
ئیتر من کتێبی دووه‌مم، واته (ئێمه له دیدی ئه‌وانه‌وه)م له مانگی شه‌شی پاردا به ئیمهیل بۆ هاوڕێکه‌ی به‌ڕێوبه‌رێتی گشتی ڕۆشه‌نبیری سلێمانی نارد، چه‌ن مانگێک تێپه‌ڕی، هیچ ده‌نگیان نه‌بوو، جاروبار نامه‌ی ده‌نگیم بۆ ده‌نارد، هه‌ر ده‌یگوت: هێشتا بودجه‌که سه‌رف نه‌کراوه، هه‌ر کات سه‌رفکرا بۆم چاپ ده‌که‌ن، ناوه‌ڕاستی مانگی نۆ جارێکی تر هه‌واڵم پرسی، گوتی ده‌ینێرم بۆ نوێنه‌ری وه‌زیری ڕۆشه‌نبیری له سلێمانی، تا ڕه‌زامه‌ندی ده‌رببڕێت بۆ چاپکردنی، ئیتر ئاگاداری کردم که ناردویه‌تی، وابزانم له ١٣/٩ دا ناردبووی بۆیان به سیدی و له‌گه‌ڵ نامه (عه‌ریزه)یه‌کدا، سه‌ره‌تای مانگی دوانزه هاورێی ناوبراوم داوای کرد ژماره‌ی براکه‌می له کوردستان بۆ بنێرم، تا بۆ رێکاره ئیدارییه‌کان به‌دوایدا بڕوات، و ئیتر ده‌نگی نه‌ما، من جارێکیان په‌یوه‌ندیم پێوه کرده‌وه، که نوێنه‌ری وه‌زیری ڕۆشه‌نبیری ئاماده نییه و ده‌ستی ده‌ستی ده‌کات به بابه‌ته‌که‌وه و وڵامێکی ڕونیشمان ناداته‌وه، ئه‌و ڕای خۆی له‌سه‌ر گوت. ئیتر هیچی دی دوای بابه‌ته‌که نه‌که‌وت و په‌یوه‌ندی نه‌كرده‌وه، تا بزانێ بابه‌ته‌که گه‌یشتۆته کوێ. له‌مه سه‌یرتر ئه‌وه‌یه له چ وڵاتێکی دونیادا شتی وا هه‌یه، وه‌زیر بێت نوێنه‌رێک له پارێزگاکاندا بۆ خۆی دابنێت، تا وه‌ک فلته‌رێک بێت و بێ ره‌زامه‌ندی ئه‌و کتێب نه‌نێردرێت بۆ وه‌زاره‌ت!
پاش ئه‌وه‌ی که‌سێکی نزیک و هاوڕێم له رێگه‌ی په‌یوه‌ندی خۆیه‌وه کاری بۆکرد، ناردمان بۆ وه‌زاره‌تی رۆشه‌نبیری کوردستان، که ته‌نها ناردنه‌که‌ی و وڵامدانه‌وه‌که‌ی دوو هه‌فته‌یه‌کی خایاند، دواتر ئه‌وه بوو به فه‌رمی ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر کتێبه‌که درا، که بنێردرێت بۆ لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی کتێب پێش چاپ له سلێمانی، که سه‌ر به بەڕێوەبەرێتی گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانین، که گه‌یشته ئه‌وێ من و هه‌م براکه‌شم پێمان ڕاگه‌یاندن که، ئه‌م کتێبه چه‌ند مانگێکه نێردراوه و کاتمان زۆر له کیس چووه، تکایه بڕێک په‌له‌ی تێدا بکه‌ن، بۆمان گرنگه به زوویی به په‌سه‌ندکردن یان نه‌کردن له ماوه‌ی یه‌ک تا دوو هه‌فته‌دا وڵاممان بده‌نه‌وه، چونکه ئێمه ده‌مانه‌وێت تا کۆتایی مانگی دوو چاپ بکرێت.
پاش چه‌ندان په‌یوه‌ندی به به‌ڕێوبه‌ری لیژنه‌که‌وه، که گوایا له کاتی کارکردنم له سکرتاریه‌تی کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکارانه‌وه له ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌کانه‌وه ده‌مناسێت، ته‌نانه‌ت ناڕاسته‌وخۆ گوتی ئه‌ندامانی لیژنه‌که‌ش ده‌مناسن و شاره‌زای قهلهمهکهمن، واته ئومێدێکی باشی داپێم که به زوویی وڵامێکی پۆزه‌تیڤم ده‌ده‌نه‌وه، دوای هێنان و بردن و دوو سێ جار په‌یوه‌ندی که کتێبه‌که چی به‌سه‌ر هات، پاش سێ هه‌فته به نامه‌ی تایبه‌تی بۆی نوسیم: سڵاو برام، کاک هیوا گیان به‌هۆی پشوی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه ده‌وام نه‌بووه، یه‌کشه‌ممه کتابت بۆ ده‌که‌ین بۆ وه‌زاره‌ت بۆ ڕه‌زامه‌ندی پاره‌ی چاپکردن (ئه‌م کورته نامه‌یه‌م لای خۆم پاراستوه). ئیتر من لای خۆمه سوپاسم کرد، چونکه قسه‌که‌ی ڕوونه و وا ده‌گه‌یه‌نێت که لیژنه‌که‌ی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ڕۆشه‌نبیری ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه له سه‌ر کتێبه‌که. پاش دوو رۆژی تر براکه‌م په‌یوه‌ندی کرد به به‌رپرسی لیژنه‌که‌وه، تا بزانین ئایا نامه (کتاب)یان کردوه بۆ وه‌زاره‌ت یان نا، که‌چی کۆمه‌ڵێک بیانوی نابه‌جێی به براکه‌م گوتبوو وه‌ک: ئه‌م کتێبه هه‌ندێک وتاری تێدایه، که ره‌خنه‌ی تونده له ده‌سته‌ڵاتداران و بنه‌ماڵه‌ی ئه‌ولا، هه‌روه‌ها وتاری تریشی تێدایه، که ره‌خنه‌ی توند له ئه‌ردۆگان و کوڕه‌که‌ی ده‌گرێت! بۆیه ده‌بێت ئه‌م وتار و ئه‌و وتار و بابه‌تانه لاببرێت!. ئیتر بۆم ده‌رکه‌وت یارۆ و لیژنه‌که‌ی په‌شیمان کراونه‌ته‌وه، منیش به هه‌ڵه‌دا چووبووم، ئه‌مانه لیژنه‌ی سانسۆرن نه‌ک لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌تییانه بۆ کتێب. سانسۆریش به‌س له رژێمه دیکتاتۆر و تۆتالیتارییه‌کاندا هه‌یه. منیش گوتم ئاماده نیم یه‌ک وتاری لێ ده‌ربهێنم، ئاخر خۆ ئه‌و وتارانه من نهمنوسیون، ئه‌وانه ڕا، سه‌رنج و بۆچوونی نوسه‌ران و رۆژنامه‌نوسانی ناودار و پیشه‌یی ئه‌وروپی و بیانین. به کورتی تێگه‌یشتم هیچ سودی نییه له‌گه‌ڵیان و کتێبه‌که‌م بۆ چاپ ناکه‌ن.
هاوکاتی هه‌وڵه‌کانم له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تدا، چه‌ن مانگێک پێشتر کتێبه‌که‌م بۆ دکتۆر ته‌ها ڕه‌سوڵ، سه‌رۆکی دامه‌زراوه‌ی که‌ریمی عهلهکهش ناردبوو، که گه‌ر بوار بێت بۆم چاپ بکه‌ن، به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی لێیان نا‌ئومێد ببووم، چونکه د. ته‌ها پێی ڕاگه‌یاندم که زۆر سه‌رقاڵن و زیاتر له سه‌د کتێبییان به‌سه‌ردا که‌وتوه. له‌و ماوه‌یه‌دا که نوسخه‌ی کتێبه‌که لای لیژنه‌که‌ی سه‌ر به‌وه‌زاره‌ت بوو گوایا بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن، دکتۆر ته‌ها ته‌له‌فونی بۆ کردم و گوتی: کتێبه‌که‌ت به چی گه‌یشتوه؟ منیش گوتم لای ئه‌و لیژنهیهیهو جارێ دیار نییه به‌ڵام گه‌شبین نیم بۆم چاپ بکه‌ن، چونکه هه‌ر ده‌ستی ده‌ستیم پێ ده‌که‌ن و کاره‌که دوا ده‌خه‌ن، ئه‌ویش گوتی: گه‌ر چاپیان نه‌کرد، خه‌مت نه‌بێت، ئاگادارم بکه‌ره‌وه. منیش پاش دوا وڵامی لیژنه‌که ته‌له‌فونم بۆ دکتۆری ناوبراو کرد، پێم ڕاگه‌یاند، که وڵامی ئه‌وان وایه یان ده‌بێت سانسۆری بکه‌ن یان بۆم چاپ ناکه‌ن، منیش ئاماده نیم سانسۆری بکه‌ن، ئیتر ئه‌و له‌سه‌ر به‌ڵێنی خۆی گوتی: من مه‌سره‌فی چاپکردنی ده‌گرمه ئه‌ستۆ و واشی کرد، خۆشبه‌ختانه کتێبه‌که‌مان چاپ کرد. من لێره‌وه سوپاس و پێزانینی خۆم بۆی هه‌یه.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا سه‌یره، بۆ ده‌بێت وه‌زاره‌تی ڕۆشه‌نبیری لیژنه‌ی سانسۆری کتێبی به‌ناوی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی کتێبه‌وه هه‌بێت؟ بۆ ده‌بێت ئه‌مه‌نده کاتی نوسه‌ر بکوژن، ده‌ستی ده‌ستی پێ بکه‌ن و رێز له ماندووبوون و کۆششی نوسه‌ران و ئه‌دیبان نه‌گرن؟ پاشان که‌ی بڕیار به‌ده‌ستانی وه‌زاره‌تی ڕۆشه‌نبیری فێر ده‌بن، که ڕا و سه‌رنج و ڕه‌خنه‌ی نوسه‌ران و رۆژنامه‌نوسانی بیانی بۆ ئه‌وان گرنگه و وه‌ک ئاوێنه‌یه‌که که خۆیانی تێدا ده‌بینن. بۆ ده‌بێت ڕه‌خنه به دژایه‌تی و ناحه‌زێتی له قه‌ڵه‌م بده‌ن؟ که‌ی درک به‌وه ده‌که‌ن، ئه‌و کارانه‌ی ئێمه ته‌واوکاریی کاری وه‌زاره‌تی ڕۆشه‌نبیری و پرۆسه‌ی ڕۆشه‌نبیری و سیاسی و ئه‌ده‌بییه له باشوری کوردستاندا.