فەرمانی دەستگیركردن بۆ چوار بەرپرسی باڵای حكومەتی پێشوی عێراق دەرچو
  2023-03-04       698       

دەستەی نەزاهەی عێراق رایگەیاند، فەرمانی دەستگیركردن و لێكۆڵینەوە لەدژی چوار بەرپرسی باڵای حكومەتی پێشوی عێراق دەرچوە، ئەوەش لەسەر دۆسیەی دزینی پارەی سپاردەكانی باج.

ئاوێنە: فەرمانگەی لێكۆڵینەوە لە دەستەكە، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردوە، لەسەر بنەمای دەركەوتنی بەڵگەی نوێ كە ئاماژەن بۆ تێوەگلانی ژمارەیەكی دیكە لە بەرپرسانی حكومەتی پێشو لە تاوانی دزینی پارەكانی سپاردەكانی باج، دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخ، فەرمانی دەستگیركردن و لێكۆڵینەوەی بۆ چوار بەرپرسی باڵای حكومەتی پێشو دەركرد.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەو چواربەرپرسەی كە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچوە پێكدێن لە وەزیری دارایی پێشو، بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆك وەزیران پێشو، سكرتێری تایبەتی سەرۆك وەزیرانی پێشو لەگەڵ راوێژكاری سیاسی سەرۆك وەزیرانی پێشو.

ئاماژەی بەوەشداوە كە دەركردنی ئەو فەرمانانە لەسەر بنەمای مادەی 316ی یاسای سزادان بوە بەتۆمەتی ئاسانكاری بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەشێك لە پارەی سپاردەكانی باج.

ئەوەشی خستۆتەڕو، هەروەها فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی پارەی گوازراوەو نەگوازراوەی ئەو چوار بەرپرسەش دەركراوە.

لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردودا، دزییەكی گەورە لە پارەی سپاردەكانی باج ئاشكراكرا كە بڕەكەی زیاتربو لە 3.7 ترلیۆن دینار كە دەكاتە نزیكەی 2.5 ملیۆن دۆلار.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×