چەند ڕاستیەک دەربارەی چەوری خوێن‌و چارەسەریه‌كانی
  2023-03-04       2217       


1-مرۆڤ کە لەدایک دەبێت چەوری لەخانەکانی لەشی ھەیە، چەوری بەشێکی گرنگە بۆ ئەوەی لەش بتوانێت كاره‌كانی خۆی به‌باشی جێبەجێ بکات. چەوری زۆر گرنگە بۆ زۆربەی ھۆرمۆنەکانی لەش و کۆمەلێک ڤیتامین هه‌یه‌ لە نێو چەوری دەتوێنەوەو لەشی مرۆڤ سوودی لێوەرده‌گرێت، ھەروەھا چەوری یارمەتی جگەر دەدا بۆ یٔه‌وه‌ی ھەندێک ترشەڵۆک دروست بكات، کە رۆڵێکی گرنگ له‌كاره‌كانی جه‌سته‌ ده‌بینن. له‌پاڵ ئه‌و خاڵه‌ ئه‌رێنیانه‌، بەرزی چەوری خوێن یەکێکە لەھۆکارە ھەرە گرنگەکانی نەخۆشیەکانی دڵ و خوێنبەرەکان.

2-ھۆکاری بۆماوەیی رۆلێکی گەورەی له‌به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی چه‌وری ھەیە. لە ٧٥٪‏ ی حالەتەکانی بەرزی چەوری خوێن پەیوەستیە بەھۆکاری بۆماوەیی، ھەرچەندە باسی زۆر جۆر له‌ رژێمی خۆراک دەکرێت بۆ دابەزینی رێژەی چەوری خوێن،  بەلام لەراستیدا کەمتر لە ٢٥٪‏ حالەتەکانی بەرزی چەوری پەیوەندی بە خورادن ھەیە.  بۆیه‌ كه‌سانی لاوازو ئه‌وانه‌ی رژێمێكی رێك و پێكی خواردنیش په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن، زۆرجار دوچاری به‌رزی چەوری خوێن ده‌بن.

3-چەوری خوێن لەچەند بەشێک پێکدێت، كه‌ دەتوانین بۆ ئەم چەند جۆرەی خوارەی خوارەوە دابەش بکەین:  

—چەوری خراپ (LDL)، ئه‌م جۆره‌ ھۆکاری سەرەکیە بۆ تەسکبوونەی خوێن بەرەکانی له‌ش به‌گشتی و تووشبون بەجەڵتەی دڵ و مێشک. ئەم جۆرەی چەوری چەنده‌ی کەمتر بێت ، باشترە و ئەگەرەکانی تووشبون بە جەلتەی دل کەمتر دەکاتەوه‌.

—چەوری باش (HDL)، یٔه‌م جۆره‌یان  زۆر پێویست و گرنگە بۆ لەش ، دەرکەوتووە باشترین ڕێگا بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی یٔەو جۆرە لە چەوری وەرزش کردنە وە ھەروەھا خواردنی ماسی سالمۆن و یٔەڤۆکادۆ سوودی ھەیە بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی ئەو جۆرەی چەوری.

—چەوری سیانی (Triglyceride)، ئەم جۆره‌شیان زیان بەخشە، بەلام بە رێژەیەکی کەمتر لە جۆری (LDL). بۆ ئەوەی رێژەی درووستی یٔەو چەوریە بزانیت باشتر وایە له‌ خورینی پشکنینی خوێن  بکرێت ، یٔەم جۆرەی چەوری جگە لەزیانەکانی بۆ خوێنبەرەکانی لەش یٔەگەر بە رێژەیەکی زۆر زیاد بێت بۆی ھەیە ببێتە ھەورکردنی پەنكریاس. 

4-بەرزی چەوری خوێن ھیچ نیشانەیەک درووست ناکات ، هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ی خەلک هۆكاری سەر سوڕان و گێژی و کۆمەلێک نیشانەی تر دەبەستنەوە بە بەرزی رێژەی چەوری لە خوێن ، بەلام لە راستیدا یٔەو نیشانانە ھیج پەیوەندیەکیان بە بەرزی چەوری خوێنه‌وه‌ نیە.

5-ئەگەری هه‌یه‌ کە کەسانی گەنجیش دوچاری کێشەی بەرزی چەوری خوێن بن . جۆرێک لە بەرزی چەوری بۆماوەیی (Familial Hypercholetrolemia) ماکەکانی لە تەمەنی گەنجیەوە ده‌رده‌كه‌وێت و رێژەی چەوری ئه‌و كه‌سانه‌ زۆر بەرز ده‌بێت و دەبێتە ھۆی نەخۆشی دل ، بۆیە یٔەو خێزانانەی  کەسێکی گەنجیان بە ھۆی جەلتەی دل کۆچی دوایی ده‌كات، یان تووشی نەخۆشی دڵ ده‌بێت، پێویستە پشکنیکی خوێن بۆ هه‌موو یٔەندامه‌كانی  تری خێزانەکەیان بکه‌ن.

6-بەکارھێنانی دەرمان بۆ چارەسەری کێشەی بەرزی چەوری خوێن بەشێکی گرنگی چارەسەریە بۆ ھەموو ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشی دلیان ھەیە یان شەبەکەیان بۆ دانراوە ، بە ھەمان شێوە یٔەوانەی تووشی جەلتەی مێشک بووینە . بەشی ھەرە زۆری تووشبوانی نەخۆشی شەکرە، بە تایبەتی جۆری دووه‌می شەکرە، پێویستیان بە دەرمان ھەیە بۆ کۆنترۆل کردنی بەرزی چەوری خوێن . کۆمەلێک حالەتی تر ھەیه‌  پێویستە دکتۆر رێژەی مەترسی بۆ تووشبون بە نەخۆشیەکانی دل دیاری بکات و بریار بدات لە یٔەگەری پێویستی بۆ به‌كارهێنانی دەرمان بۆ چارەسەركردنی بەرزی چەوری خوێن.

7-بەرزی چەوری خوێن حالەتێکی زۆر بڵاوە ، لە ھەندێک وولات لە ھەر سێ کەس یەکێکیان رێژەی کۆلیستڕۆلی بەرزە ، بۆیە ھەندێک لە ناوەندە زانستیەکان بە باشی دەزانن، کەوا کەسانی سەرووی تەمەنی بیست سالی ھەر پێنج سال جارێک پشکنینی خوێنیان بۆ بكرێت بۆیٔه‌وه‌ی به‌وردی چاودێری رێژەی چەوری خوێنیان بكه‌ن، له‌به‌ریٔه‌وه‌ی لێکۆلینەوەکان واده‌رده‌خه‌ن، کە خەلکانێکێ زۆر رێژەی چەوری خوێنیان بەرزەو یٔاگادارنین . ده‌ستنیشانكردنی رێژه‌ی چه‌وری یٔەو خەلکانەو چاره‌سەرکردنیان ھۆکارێکی گرنگه‌ بۆ کەمبوونەوەی نەخۆشیەکانی دل و خوێنبەرەکان.

8-بەرزی ڕێژەی چەوری خوێن تەنھا لەرێگای پشکنینی خوێن دیاری دەکرێت، لەھەندێک حالەتی زۆر کەم بۆی ھەیە ھەندێک گۆڕانکاری و نیشانە لە پێستی مرۆڤ درووست بکات ،کە بەرزی چەوری خوێن لای نه‌خۆش نیشان بدات.

9-لە رابردوو دەرمانی کاریگەر نەبوو بۆ چارەسەری بەرزی چەوری خوێن ، سێ دەیە بەر لە یٔێستا دەرمانێکی زۆر کاریگەر دۆزرایەوە کە بە ستاتین (Statins) دەناسرێت ، دەرکەوت، کە یٔه‌و ده‌رمانه‌ کاریگەری زۆره‌و رێژەی چەوری بە رێژەیەکی زۆر بەرچاو کەمدەکاتەوە و یٔەو کەسانەی بەکاریدەھێنن بە رێژەیەکی زۆر بەرچاو له‌ جەلتەی دڵ و مێشک دووریان ده‌خاته‌وه‌. 

10-ھەموو جۆرەکانی ستاتین لەکوردستان ھەیەو ئەوانەی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بەکاردەھێنرێت بریتین لەسیمڤاستاتین، ئەتۆرڤاستاتین و رۆزوڤاستاتین، مەرج نیە نەخۆش جۆری گران و براندی ئەو دەرمانانە بەکاربھێنێت چونکە ئه‌و ده‌رمانانه‌ی به‌هه‌رزانیش ده‌ست ده‌كه‌ون ھەمان کاریگەریان ھەیە، ته‌نیا هێنده‌ هه‌یه‌ دەبێت یٔەو دەرمانە بەشێوەیەکی بەردەوام بەکاربھێنرێت، چونكه‌ ھەر کاتێک نەخۆش ئەو دەرمانە ڕابگرێت دوای چەند رۆژێکی کەم هه‌مدیس  چەوریه‌كه‌ی بەرز دەبێتەوە، بۆیە لەزۆربەی حالەتەکان نەخۆش دەبێت یٔەو چارەسەریە بە درێژایی ژیانی وەربگرێت. وا باشە کە ستاتین پێش کاتی خەوتن بەکاربھێنرێت.

11- لێکۆلینەوەکان ئه‌وه‌ دەردەخەن، کە ستاتین بەشێوەیەگی گشتی دەرمانێکی سەلامەتە‌، بەڵام پزیشکی پسپۆر دەبێت بریار بدات کەی یٔەو دەرمانە و بەچی برێک بەکارده‌ھێنرێت، نابێت یٔه‌وه‌ فه‌رامۆش بكرێت، كه‌ پێش بەکارھێنانی ئەو دەرمانە دەبێت پشکنینی خوێنی جگەر بۆ نەخۆش بکریت. ژمارەیەکی زۆر کەم لەو کەسانەی ئەو دەرمانە وەردەگرن ئەگەری ئەوە ھەیە تووشی ھەوکردنی ماسوولکەکان ببن، بۆیە ئەو کەسانەی ستاتین وەردەگرن ئەگەر هه‌ستیان بەئازاری ماسوولکەکانیان كرد، پێویسته‌ یٔاگاداری دکتۆره‌كه‌یان بکەنەوە. له‌هه‌موو حاله‌ته‌كاندا ئەو دەرمانە نابێت بۆ ژنانی دووگیان بەکاربھێنرێت.

12-لەکاتێکدا دەرمانی ستاتین كاریگه‌ری زۆره‌ بۆ کەمکردنەوەی جۆری چەوری خراپ (LDL)، بەلام هه‌مان ئەو کاریگەریەی نیه‌ بۆ چەوری سیانی (Triglycerides)، بۆیە  ئەو کەسانەی چەوری ژێر پیستەیان زۆر بەرزە، باشتر وایه‌ دەرمانی فایبرێت (Fibrates) بەکاربھێنن، هاوكات ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین، كه‌ بەکارھێنانی ستاتین و فایبرێت له‌یه‌ك كاتدا یٔەگەری ھەوکردنی ماسولکەکان زۆر زیاتر دەکات، بۆیە ده‌بێت ئەم نەخۆشانە لە لایەن دکتۆری تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ به‌وردی چاودێری بکرێن.

دکتۆر عارف گۆران 
پسپۆر و ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو 
پسپۆری وورد لە نەخۆشیەکانی شەکرەو ھۆرمۆن
لەندن

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×