بەرپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یەکێتی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، حزبه‌که‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردندایە و هه‌وڵده‌ده‌ن گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان بکەن تا یاسایه‌کی باش و هاوچه‌رخ بۆ هەڵبژاردن دابنێن و دەشڵێت: ئەگه‌ر سستمی هه‌ڵبژاردن بگۆڕێت، کورسی پارێزگاکان به گوێره‌ی ژماره‌ی دانیشتوان دیاری بکرێت و پشت به داتای وه‌زاره‌تی پلان دانانی عێراق ببه‌سترێت ئەوە گۆڕانكاری گەورەیە.
ئاوێنه: ڕزگار حاجی حه‌مه، ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی و بەرپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یەکێتی به ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای وتووە: وەك یه‌کێتی له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنداین له واده‌ی خۆیدا، به‌ڵام پێمانوایه ئه‌و یاسایه‌ی پێشتر کاری پێکراوه به‌سه‌رچووه و گرفتی زۆره، کاریگه‌ری هه‌بووه له‌سه‌ر به‌شداری نه‌کردنی خه‌ڵکیش له هه‌ڵبژاردندا، چونکه ناعه‌داله‌تی له نێوان پارێزگاکاندا تێدابووه.
سه‌باره‌ت به کورسی پێکهاته‌کان وتی: داوامانکردووه کورسی کۆتا به‌سه‌ر پارێزگاکان دا دابه‌ش بکرێت، وه‌ک چۆن برایانی مه‌سیحی له هه‌ولێر و دهۆک هه‌ن، له سلێمانیش هه‌ن، برا تورکمانه‌کان هاوشێوه‌ی هه‌ولێر له که‌لار و کفریش هه‌ن، بۆیه ده‌بێت ئه‌م مافه بۆ هه‌موویان به ڕه‌وا ببینرێ.”
بەرپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یەکێتی ڕوونیشیکرده‌وه، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن به شێوازی یه‌ک بازنه‌یی، وایکردووه نوێنه‌ره‌کان نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی ناوچه‌کانیان نه‌که‌ن، په‌رله‌مانتار به‌رپرسیار نه‌بووه به‌رانبه‌ر ده‌نگده‌ری خۆی لە کاتێکدا خەڵك لە هه‌موو ناوچه‌کان ده‌نگیان پێداوه.
دەشڵێت: ئەگه‌ر سیستەمی هه‌ڵبژاردن بگۆڕێت، کورسی پارێزگاکان به گوێره‌ی ژماره‌ی دانیشتوان دیاری بکرێت و پشت به داتای وه‌زاره‌تی پلان دانانی عێراق ببه‌سترێت، خه‌ڵک نوێنه‌ری خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت، په‌رله‌مانتار به‌رپرسیاره به‌رانبه‌ر ده‌نگده‌رانی، ئه‌مه‌ش گۆڕانکارییه‌کی گه‌وره‌یه.
لەبارەی ئەو خاڵانه‌ی په‌یوه‌ندیدار به هه‌ڵبژاردن و یەکێتی و پارتی ڕای جیاوازیان له‌سه‌ریان هه‌یه، بەرپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یەکێتی دەڵێت: یاسای هه‌ڵبژاردن چه‌ندین ساڵه هه‌موار نه‌کراوه‌ته‌وه، بۆیه که‌مێک ئاسته‌نگ دێته پێش، به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌ین به دیالۆگ و گفتووگۆ، ڕاکانمان یه‌کبخه‌ین، تا یاسایه‌کی باش و هاوچه‌رخ دابنێین.
ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕابردوو، ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی و یەکێتی بۆ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان کۆبوونه‌وه و ڕێككەوتن هەڵبژاردن بەچوار بازنە بکرێت و هەڵبژاردن نیوەی بەلیستی کراوە و نیوەكه‌ی دیكه‌ی بە لیستی داخراو ده‌بێت، ژمارەی کورسیی بازنەکان لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی بازرگانیی عێراق بێت و هەروەها، هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی عێراق بکرێت بۆ سود وەرگرتن لە لیستی دەنگدەرانی عێراق.