بافڵ تاڵەبانی: كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا سیاسیانە چارەسەربكرێن
  2023-03-15       352       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، پەرۆشیی حزبەكەی بۆ سەرخستن و جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەتەكەی سودانی دوپاتکردەوەو جەختیشی لە چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا كردەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە دەباشان پێشوازی لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەفدێکی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا کە بڕیاردەرو ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی ئامادەبون، گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکارییە سیاسی، ئابوری و ئەمنییەکانی هەرێم و عیراق کرا و جەخت لە پشتیوانیکردنی پرۆژەی نیشتمانیی عێراق کرایەوە کە "خۆی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، چەسپاندنی یاساو سەقامگیریدا دەبینێتەوە."

لەدرێژەی دیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی "سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی سەرۆکوەزیرانی عیراق کرد لەبەرامبەر تەواوکردنی رێکارە فیدراڵییەکانی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە و داوایکرد، ئەمە سەرەتایەکی گرنگ بێت بۆ خزمەتکردنی هەڵەبجەییەکان و حکومەتی عیراقیش مافە یاسایی و دەستورییەکان بەرامبەر هەڵەبجە جێبەجێبکات."

سەرۆكی یەكێتی وتیشی، "دەبێت هەنگاوی کرداری بۆ ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکە بنرێت و بارتەقای قوربانیدانەکەی خزمەت بکرێت."

هەروەها لەبارەی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەش بافڵ تاڵەبانی وتی، "هەنگاوێکی گرنگە و پێویستە سەقامگیریی ئابوری و ژیانی هاوڵاتیان پارێزراوبێت."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، بافڵ تاڵەبانی پەرۆشیی یەکێتیی نیشتمانی بۆ سەرخستن و جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت دوپاتکردەوە بەشێوەیەک کە خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەشی خەڵک بکرێت و وتیشی، "جەخت لە چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەکەینەوە و بەشێوەیەک کە مافە دەستورییەکانی گەلی کورد پارێزراوبێت."

سەرۆكی یەكێتی وتیشی، "پێویستە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان زاڵبکرێت و هەموان بە ئاڕاستەی ئاوەدانی و سەقامگیری هەنگاو بنێن."

هەر لە درێژەی قسەکانیدا بافڵ تاڵەبانی جەختیشیکردەوە، "یەکێتی یەک ئاڕاستە و یەک بڕیاری هەیە و هەمان سیاسەت و ستراتیژی سەرۆک مام جەلال لەبەرامبەر پرسەکان پەیڕەو دەکات، دەشمانەوێت لەگەڵ دۆستەکانمان پێکەوە خزمەتی گەل و وڵات بکەین و باوەڕمان بە شەراکەت و هاوبەشێتی راستەقینە و گیانی پێکەوەیی هەیە."

هەر لە دیدارەکەدا محەمەد شیاع سودانی، وتی"سەقامگیریی سیاسی عیراق بە سەقامگیریی سیاسیی هەرێمەوە بەستراوەو ئەرکی حکومەتیشە خزمەتی هەموان بکات و پرۆسەی چاکسازی بەردەوامی هەبێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×