بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردۆتەوە، لەم ڕۆژانەی دواییدا له سێ لایه‌نی جیاوازه‌وە هه‌وڵی له‌یه‌کتر نزیککردنه‌وه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و هێورکردنه‌وه‌ی گرژییه‌کانی نێوانیان دراوە.
ئاوێنە: دەنگی ئەمریكا لەزاری سەرچاوەیەکی حکومی ئاگادار لە هەرێمی کوردستانەوە وتویەتی، هەریەک لە نوێنه‌ری سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوەكان له عێراق جنین پلاسخارت و سه‌رۆکی هه‌رێم نێچیرڤان بارزانی و سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق محه‌مه‌د شیاع سودانی هەوڵەکانیان چڕکردوەتەوەو پێشبینی ڕه‌واندنه‌وه‌ی بارگرژییه‌کان ده‌کرێت به‌و پێیه‌ی به‌رپرسانی یەکێتی و پارتی نه‌رمییان بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێوانیان نواندوه.
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە لە پەراوێزی دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمریکی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ نزیککردنەوەی ئەو دو حزبە "تا پێکه‌وه خزمه‌تی ئه‌م وڵاته بکه‌ین."
سه‌رۆکی هه‌رێم،وتیشی، "دڵنیام یه‌کێتی و پارتی ده‌توانن ڕێگه‌یه‌ک بدۆزنه‌وه بۆ چاره‌سه‌رکردنی ناکۆکییه‌کان. پێموانییه کێشه‌کان زۆر گه‌وره بن."
سەرچاوە حکومییەکەی هەرێم کە ناوی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە ئاماژەی بە سەرکەوتنی هەوڵەکان کرد و ڕایگەیاند، "به‌رپرسانی هه‌ردولا ڕه‌زامه‌ندییان نیشانداوه له‌سه‌ر هێورکردنه‌وه‌ی دۆخه‌که‌و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستانیش. به‌ڵام هێشتا هیچ واده‌یه‌ک بۆ هه‌ڵبژاردن ڕێککه‌وتنی له‌سه‌ر نه‌کراوه."
لاى خۆیه‌وه سه‌عدی پیره ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی پشتڕاستی ئەو هەوڵانەی کردەوەو ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕێککەوتنی یەکێتی وپارتی لە بەرژەوەندی خۆی دەبینێت.
سه‌عدی پیره ڕایگەیاند، "ئێمه‌و پارتی ناتوانین ببینه یه‌ک حزب، دو حزبی رکابه‌ری یه‌کترین و هه‌رواش ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام جیاوازیه‌کانمان له‌چوارچێوه‌ی مونافه‌سه‌دا بێت نه‌ک دابڕان و بایکۆتکردنی یه‌کتری."
هەروەها وتی، "محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقیش پێیوابو رێککه‌وتنی نێوان یه‌کێتی و پارتی خزمه‌تی گه‌وره‌یه بۆ ئه‌و له‌به‌غدا، چونکه سه‌قامگیری و هێمنی گرنگه."
له مانگی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی ڕابردوه‌وه په‌یوه‌ندی نێوان یه‌کێتی و پارتی به‌ته‌واوه‌تی تێکچوه له‌و کاته‌وه‌ی که پارتی هه‌ندێک پله‌داری ئه‌منی یه‌کێتی به کوشتنی عه‌قیدێکی دژه تیرۆر له هه‌ولێر تۆمه‌تبار کرد. یه‌کێتیش په‌نجه‌ی تۆمه‌تی بۆ پارتی درێژکرد گوایه ئابڵوقه‌ی خستوه‌ته سه‌ر سلێمانی.
ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ناکۆکییه‌کانی نێوان یه‌کێتی و پارتی گه‌یشته ئاستێک کە تیمی یه‌کێتی به‌سه‌رۆکایه‌تی قوباد تاڵه‌بانی ساڵی ڕابردو بایکۆتی کۆبونه‌وه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کرد‌و تائێستاش نەگەڕاوەتەوە.