سەفین مەلا قەرە: لاهور شێخ جەنگی و وەفدەکەی وەک خۆیان سەردانی گۆڕانیان كرد نەک بە ناوی یەکێتییەوە
  2023-03-21       1384       

سەفین مەلا قەرە، ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، دو رۆژ لەمەوبەر لاهور شێخ جەنگی و وەفدەكەی وەك خۆیان سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانیان كرد، نەك بەناوی یەكێتییەوە. دەشڵێت، لای ئێمە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتییە.

ئاوێنە: سەفین مەلا قەرە، كە یەكێك بو لە ئەندامانی وەفدی گۆڕان كە رۆژی 19ی ئەم مانگە، پێشوازییان لە لاهور شێخ جەنگی و وەفدەكەی كرد، ئەمڕۆ سێشەممە لە چاوپێكەوتنێكدا بە دەنگی ئەمریكا وتوە"لاهور شێخ جەنگی و دو ئەندامەکەی وەفدەكەی وەک یەکێتی سەردانی گۆڕانیان نەکردوە، بەڵکو وەک خۆیان سەردانیان کردون و لە پێشتردا ناسیاوی لە نێوان شێخ لاهوڕ جەنگی و دو ئەندامی وەفدەكەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هەبوە."

سەفین مەلا قەرە وتوشیەتی"بێگومان لای ئێمە کاک بافڵ سەرۆکی یەکێتییە، خۆیان هەڵیانبژاردوە، ئێمە داماننەناوە، مامەڵەی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕانیش لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەکێتی و سەرکردایەتی ئەو حزبەیە."

لەبارەی چۆنیەتی دروستبونی سەردانەكەی لاهور شێخ جەنگی بۆ لای بزوتنەوەی گۆڕان، سەفین مەلا قەرە وتویەتی"شێخ لاهور خۆی پەیوەندی کرد بە بەبەشی پەیوەندییەکانی ئێمە، وتبوی بەرنامەمان هەیە سەردانتان بکەین و دواتریش سەردانی لایەنەکانی تر دەکات."

لەدوای سەردانەکە هەمان ڕۆژ لاهور شێخ جەنگی بەشێک لە سەردانەکەی بە ڤیدیۆ و لۆگۆی یەکێتی و بە ناوی هاوسەرۆکی یەکێتییەوە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوکردەوە.

سەفین مەلا قەرە لەوبارەیەوە وتویەتی"دو ئەندامی سەرکردایەتی لەگەڵ بو (پەروین خان و خوشکە ژینۆ) ئێمە پەیوەندیمان بەوەوە نییە، ئەوان لە یەکێتی دەرکراون یان نا چونکە ئەوان ناسیاون و ئەوانیش وەک یەکێتی نەهاتبون بۆ ئەو سەردانە، بەڵام بۆ خۆیان دوایی بڵاوی دەکەنەوە کە وەک هاوسەرۆک و یەکێتی هاتون ئەوە خۆیان ئازادن وەک چی ناوی خۆیان دەبەن.."

كاتژمێرێك پاش بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی سەردانەکە لە پەیجی لاهور شێخ جەنگی، راگەیاندنە فەرمییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان سەردانەکەیان بڵاوکردەوە بەڵام پێشگر یا پاشگری (هاوسەرۆک)یان بۆ لاهور شێخ جەنگی بەکار نەهێنابو.

لەوبارەیەوە سەفین مەلا قەرە وتی"ئێمە حەزناکەین دەستوەردان لەکاروباری ناوخۆی یەکێتی بکەین، هەتا لەگەڵ کاک لاهوریش باسی ئەوەمان کرد، کە دەتوانن بە دیالۆگ و گفتوگۆ کێشەکانی لەگەڵ یەکێتی چارەسەر بکەن چونکە ئەوان هاوڕێ و ئامۆزان، بۆ خۆیان باشە کێشە نەبێت."

وتیشی"ئێمە هۆکاری یارمەتیدەر دەبین بۆ چارەسەری کێشەکانیان نەک ببینە هۆی قوڵبونەوەی کێشەکانیان، بەڵام دەستوەرنادەینە کاروباری نێوخۆیی ئەو حزبە. "

دەربارەی ئەوەی ئایا یەکێتی گلەیی لە بزوتنەوەی گۆڕان نەكردوە لەبارەی سەردانەكەوە، سەفین مەلا قەرە وتویەتی"نەمزانیوە گللەییان کردبێت، ڕەنگە لە دڵی خۆیاندا پێیان ناخۆش بوبێت، بەڵام نەمبیستوە گللەییان لێمان کردبێت، مافی گللەییشییان نییە، چونکە ئێمە بزوتنەوەیەکی سەربەخۆین و پەیوەندی و دیدار لەگەڵ کێ دەکەین یان نایکەین ئازادین، هەروەک ئێمە حەقمان بەسەر ئەوانەوە نییە، ئەوانیش ناتوانن حەقییان بەسەر ئێمەوە هەبێت کێ دەبینین یا کێ نابینین."

لەبارەی ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان پەیوەندییەكانی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی باشترە یان بافڵ تاڵەبانی، سەفین مەلا قەرە ئەوەی وتوە"یەکەمجارە شێخ لاهور دەبینین پاش ئەو کێشانەی لەگەڵ یەکێتی دروست بو، بەڵام بێگومان پەیوەندی فەرمی ئێمە، لەگەڵ کاک بافڵ و سەرکردایەتی یەکێتی دەیكەین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×