كۆمپانیای كۆڕەك نیلیكۆم و سیروان بارزانی بە 1.65 ملیار دۆلار سزادران
  2023-03-21       1656       

كۆمپانیای ئەجیلیتی كوەیتی رایگەیاند، لە دادگایەكی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم و سیروان بارزانی بە بڕی یەك ملیارو 650 ملیۆن دۆلار سزادران.

ئاوێنە: كۆمپانیای ئەجیلیتی كوەیتی، ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، دادگای ناوبژیوانی بەریتانیا كە  سەربە ژوری بازرگانی نێودەوڵەتییە، لەدۆسیەی ناوبژیوانیكردن لەنێوان كۆمپانیای "تیلیكۆم عێراق" كە كۆمپانیایەكی سەربە كۆمپانیای "ئەجیلیتی"یەو داواكەی لەسەر كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم و سیروان سابیر مستەفا بارزانی وەك پشكداری سەرەكی  كۆمپانیاكە تۆماركردوە، بڕیاریداوە ملیارێك و 650 ملیۆن دۆلار وەك قەرەبو بدەن بە كۆمپانیای ئینتەرناشناڵ هۆڵدینگ و تیلیكۆم عێراق.

بەگوێرەی بەیاننامەكەی كۆمپانیای ئەجیلیتی، دادگای ناوبژیوان ڕەزامەندی پیشانداوە لەسەر داواكەی "تیلیكۆم عێراق و "ئینتەرناشناڵ هۆڵدینگ" و,داوا لەسەر تۆماركراوەكانی تۆمەتباركردوە بە ئەنجامدانی كاری ڕێكخراو بە ئامانجی بەرتیلدان و فێڵكردن لەبەرپرسانی دەستەی پەیوەندییەكانی عێراق، بەمەبەستی دەركردنی بڕیاری هەڵەو دەستبەسەراگرتنی پشكی هەردو كۆمپانیاكە لە كۆڕەك تیلیكۆم.

بەگوێرەی بەیاننامەكە، دادگا بەریتانیەكە فەرمانیكردوە كە داوا لەسەر تۆماركراوەكان، ئەو بڕە پارەیە وەك قەرەبو بدەن بەو دو كۆمپانیایە لەبری زیان و خەرجی یاسایی لەگەڵ سودەكانی، كە یەك ملیارو 329 ملیۆن دۆلاری دەدرێت بە كۆمپانیای "ئینتەر ناشناڵ هۆڵدینگ"و 318.7 ملیۆن دۆلاریشی بۆ كۆمپانیای "تیلیكۆم عێراق" دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×