لە سنوری بانە گەنجێكی كورد بەتەقەی هێزەكانی سوپای پاسداران كوژرا
  2023-03-22       371       
بەهزاد عەزیزی، ئەو گەنجەی كە بەتەقەی راستەوخۆی هێزەكانی سوپای پاسداران كوژرا

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، گەنجێكی كاسبكاری كورد لە سنوری بانە بەتەقەی راستەوخۆی هێزەكانی سوپای پاسداران كوژرا.

ئاوێنە: رێكخراوەكە لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، گەنجێكی كورد بەناوی بەهزاد عەزیزی، تەمەن 19 ساڵ و خەڵكی شاری بانە، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران سەر و دەموچاوی پێکراوە و بەم هۆیەشەوە گیانی لەدەست داوە.

رێكخراوی هەنگاو وتویەتی، بەوتەی شایەتحاڵان، ئەو لاوە کوردە پاش ئەوەی لە کاتی گەڕانەوەی لە سنوری "کێلێ"ی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران پێکراوە، بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارە گواستراوەتەوە و لەو نەخۆشخانەیە گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو رایانگەیاندوە؛ ئەو گەنجە لە کاتی گەڕانەوەی بۆ شاری بانە دوای ئەوەی چەند کۆڵبەرێکی گەیاندوەتە ناوچە سنورییەکان، لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لە بازگەی پشکنینی "عوسماناوا"ی بانە لەلایەن ئەو هێزانەوە تەقەی لێ کراوە و پێکراوە.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×