سه‌كرده‌یه‌كی پارتی: یه‌كێتی دۆڕاون و ترسیان لێ نیشتووه،‌ له‌ جوڵه‌كانی لاهور جه‌نگی و نه‌وه‌ی نوێ
  2023-03-23       1557       

ئه‌ندامێكی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت '”هێلیكۆپتەر و شتی دیكه‌ش ئاسمانی كوردستان ده‌به‌زێنن، ئه‌مه‌ ئه‌ركی حكوومه‌تی عێراقه،‌ كه‌ ئاسمان كۆنترۆڵ بكات، ئه‌م هێلیكۆپتەرانه‌ له‌كوێ هاتن و چۆن هاتن؟''  ئه‌و ده‌ڵێت: یه‌كێتی دۆڕاون و ترسیان لێ نیشتووه،‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و جوولانه‌وه‌ی لاهوور جه‌نگی و نه‌وه‌ی نوێ بەڕه‌ له‌ژێر پێیان دێننە ده‌ره‌وه‌.

ئاوێنه‌: عه‌لی عه‌ونی، ئه‌ندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی، به‌ میدیایه‌كی حیزبه‌كه‌ی راگه‌یاند ''به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هێزەكانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) خۆی نه‌كاته‌ خاوه‌نی پرسی هێلیكۆپته‌ره‌كان ئه‌م پرسه‌ تەواو په‌یوه‌ندیی به‌ په‌كه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ناوی هه‌سه‌ده‌ زه‌ق كراوه‌ته‌وه‌ و هه‌سه‌ده‌ش هەر په‌كه‌كه‌یه،‌ ئه‌وان را‌یان گه‌یاندووه‌ دوو هێلیكۆپتەر و دوو كه‌س كوژراون،‌ به‌ڵام ئێمه‌ یه‌ك هێلیكۆپتەر‌ی تێكشاو و 7 تەرممان بینیوه،‌ یانی خودی په‌كه‌كه‌ نازانن چه‌ند كه‌س لە هێلیكۆپتەرەكەدا بووه‌ و هه‌ر جاره‌و قسه‌یه‌ك ده‌كه‌ن. ئه‌و روونكردنه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ داویه‌تی، كه‌ له‌ ناوچه‌ی چه‌مانكێ بوون، هیچ پاساوێكی نییه‌، تۆ به‌ دوای داعشدا ده‌گه‌ڕێیت؟ داعش كوا له‌وێیه؟‌ درۆ ده‌كه‌ن داعش له‌وێ نییه،‌ داعش له‌وێ نه‌بێت په‌كه‌كه‌ له‌وێیه، به‌دوای تیرۆرستدا ده‌گه‌ڕێن، به‌ڵێ په‌كه‌كه‌ له‌و شاخ و داخه‌ هه‌یه و‌ داعش له‌وێ نییه‌''.

وتیشی: ”ده‌بێت یه‌كێتی روونكردنه‌وه‌ بدات، ئه‌و كاته‌ په‌كه‌كه‌ قسه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌كات، یه‌كێتی با بزانین ئه‌م هێلیكۆپتەرانه‌ی فرۆشتووه،‌ یان به‌ ئامانه‌ت پێی داون؟ دوایی چۆن كراوه‌ و له‌ كوێوه‌ هاتوون؟ یه‌كێتی ده‌بێت وه‌ڵام بداته‌وه،‌ ئه‌م گرووپه‌ بڕیاریان داوه‌ خزمه‌تی كوردستان نه‌كه‌ن و كوردستان له‌بار ببه‌ن، یه‌كێتی وابیر ده‌كه‌نه‌وه،‌ كه‌ (ته‌سلیمكردنی مسته‌فا سه‌لیمی و تیرۆركردنی هاوكار جاف و كوشتنی موراد كانی كورده‌یی و 16ی ئۆكتۆبەر و هێنانه‌خواره‌وه‌ی ئافره‌ت له‌به‌رچاوی خه‌ڵك له‌ناو ئۆتۆمبێل به‌ پاكتاو‌ی سیاسی و زۆر شتی دیكه‌) كه‌ بۆیان ده‌چێته‌ سه‌ر، به‌ڵام حاڵیان زۆر شڕه‌ و و ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌و جرت و فرت و هه‌ڵه ‌و خیانه‌ت و ئه‌و غه‌درانه‌یه‌ له‌ كوردستانیان كرد، ئه‌وه‌تا هه‌ر رۆژه‌و گرووپێكیان لێ ده‌بێته‌وه،‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی داهاتووش ده‌بینین چۆن دەبێ، بۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ بیانوو ده‌گرن تا هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت و هه‌ر جاره‌و بیانووێك ده‌گرن."

ئەو ئه‌ندامەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی راشی گه‌یاند: ”یه‌كێتی دۆڕاون و ترسیان لێ نیشتووه،‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و جوولانه‌وه‌ی لاهوور جه‌نگی و نه‌وه‌ی نوێ بەڕه‌ له‌ژێر پێیان دێننە ده‌ره‌وه‌، له‌مساڵدا 110 جار سه‌ردانی به‌غدایان كردووه‌ و له‌گه‌ڵ قه‌یس خزعه‌لی و ره‌یان كلدانی دانیشتوون و‌ یه‌ك جار نه‌هاتوون له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و حزبه‌كان و په‌ر‌له‌مانی خۆیان دابنیشن، ئیدی ئه‌م گه‌له‌ هۆشیاره‌ و دەزانێ یه‌كێتی چی ده‌كات، یه‌كێتییەك كه‌ رۆژانێك خۆی پێ په‌نجا به‌ په‌نجا بوو له‌گه‌ڵ پارتی، ئێستا له‌ %12یه‌ و بووه‌ته‌ هاوبەشی عه‌لی باپیر و مسته‌شارەكان، عاقڵمه‌ندی یه‌كێتی ئێستا عه‌لی باپیره‌، بۆیه‌ دۆخیان ئاوایه‌.“


ده‌شڵێت: ”یه‌كێتی كێشەیان هه‌یه‌ و ئه‌و بیانووانەی یه‌كێتی بۆ بایكۆتكردن لە حكوومه‌ت ده‌رخه‌ری هه‌ڵه‌ دوای هه‌ڵه‌یانه،‌ خه‌ڵكی سلێمانی تێ ده‌گات، كه‌ پارتی چیتر ئه‌و لایه‌نه‌ نییه‌، كە یەكێتی هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتی خۆی به‌ پارتی هه‌ڵواسێ، ئێستا خه‌ڵكی سلێمانی تێگه‌یشتووه‌، كە چیتر په‌لاماردان و جنێودان به‌ پارتی ده‌نگ بۆ كه‌س كۆ ناكاته‌وه‌.“

عەلی عەونی : ”په‌كه‌كه‌ پێی خۆشه‌ توركیا په‌لكێشی هه‌رێمی كوردستان بكات، ده‌نا چ پێویست ده‌كات چه‌ند ساڵه‌ په‌كه‌كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ ئێستا به‌ هێلیكۆپتەر هاتوچۆ بكات؟ بۆ ئه‌وەیه‌ به‌ توركیا بڵێ، كه‌ به‌ڵێ چه‌كی قورس و هێلیكۆپتەرمان هه‌یه‌، فه‌رموون تۆپی دوورهاوێژمان هه‌یه‌ و وه‌رن بۆ باشووری كوردستان داگیری بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی دوایی به‌ خه‌ڵك بڵێن پارتی توركیای هێناوه‌. دەبێ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی هه‌ردووكیان روونكردنه‌وه‌ی فه‌رمی بده‌ن و لێی به‌رپرسیارن، بەڵام دڵنیان پاش هه‌ر روونكردنه‌وەیه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌، پەیوەندیی نێوان په‌كه‌كه‌ و یه‌كێتی تێك ده‌چێت، چونكه‌ نهێنی و شتی ژێربه‌ژێریان هه‌یه‌، یه‌كێتی ناوێرێت روونكردنه‌وه‌ بدات، چونكه‌ ده‌ستی كه‌شف ده‌بێت و حه‌شدییش دێته‌ ناو بابه‌ته‌كه‌وه‌ و ئاوا ئاسان نییه‌.“

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×