سعودیە پەیوەندییەكانی لەگەڵ سوریا دەستپێدەكاتەوە
  2023-03-23       409       

ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەزاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە، سعودیەو سوریا بڕیاریانداوە باڵیۆزخانەكانیان لە وڵاتانی یەكدی بكەنەوە، ئەوەش پاش زیاتر لە 10 ساڵ دێت لە پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆسییەكانی نێوان هەردو وڵات.

ئاوێنە: ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەكی نزیك لە حكومەتی سوریاوە بڵاویكردۆتەوە، ئەنجامدانی پەیوەندیی لەنێوان سعودیەو حكومەتی سوریا لەدوای رێككەوتنە مێژوییەكەی نێوان ئێران و سعودیە بۆ دەستپێكردنەوەی پەیوەندییەكانیان، گڕوتینێكی زیاتری بەخۆوە دیوە.

هەروەها سەرچاوەیەكی دیكەی حكومەتی سوریا بە ئاژانسەكەی وتوە، هەردو حكومەتی سوریاو سعودیە ئامادەكاری دەكەن بۆ كردنەوەی باڵیۆزخانەكانیان لە وڵاتانی یەكدی لەدوای جەژنی رەمەزان، كە ئەوەش دەكەوێتە دوای نیوەی یەكەمی مانگی نیسان.

هەردو سەرچاوەكە لەگەڵ سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی لە كەنداو، بە ئاژانسەكەیان وتوە، بڕیاری كردنەوەی باڵیۆزخانەكان، لە ئاكامی چەند گفتوگۆیەك بوە لە سعودیە لەگەڵ بەرپرسێكی باڵای هەواڵگری سوریا.

ئاژانسی رۆیتەرز نوسیویەتی، ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی سعودیە لەگەڵ سوریا، دەبێتە گرنگترین بەرەوپێشچون لە جوڵەی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ حكومەتەكەی بەشار ئەسەد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×