"توركیا عێراقی ئاگاداركردۆتەوە كە بەبێ رەزامەندی ئەوان رێگا به‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم نادات"
  2023-03-25       1336       

بەپێی میدیایەكی بەریتانی، توركیا بەڕەسمی بە عێراقی راگەیاندوە، دادگای ناوبژیوانی پاریس لە دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستاندا دژی ئەنقەرە بڕیاریداوەو لەمەودوا توركیا بەبێ رەزامەندی عێراق رێگە بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی وڵاتەكەیەوە نادات.

ئاوێنە: پێگەی "ئارگوس"ی بەریتانی لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە، بڵاویكردۆتەوە، شەوی پێشوتر توركیا بەڕەسمی عێراقی ئاگاداركردۆتەوە كە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لە دۆسیەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستاندا دژی ئەنقەرە بڕیاریداوە.

سەرچاوەكە وتوشیەتی، توركیا بە عێراقیشی راگەیاندوە كە بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق، رێگە بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی وڵاتەكەیەوە نادات.

نزیكەی نۆ ساڵە ئەو دۆسیەیە لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتییە لە پاریس و عێراق سكاڵاكەی واكردبو كە توركیا بەنایاسایی و بەبێ رەزامەندی بەغدا رێگەی بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان داوە.

لە كۆتاییەكانی مانگی 1ی ئەمساڵدا محەمەد حسێن، توێژەر لە ناوەندی عیراقی بۆ لێكۆڵینەوەو شیكارییە سیاسییەكان، رایگەیاندبو"دادگای پاریس حوکمی خۆی دا لەسەر کەیسی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە، هەواڵی خراپ بەڕێوەیە بۆ تورکیاو هەرێمی کوردستان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×