وەزیری دارایی هەرێم: چاوەڕێین هاوشێوەی بودجە كێشەی نەوتیش چارەسەر بكرێت
  2023-03-27       461       

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، چاوەڕێین لەچوارچێوەی ئەو ڕێکكەوتنە سیاسییەی کە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی و حکومەتی عێراق هەمانە، کێشەی نەوتیش بەهەمان شێوەی بودجە چارەسەربکرێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ دوشەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازی کرد لە چۆ کیجۆنگ، کونسوڵی گشتی کۆریای باشور لە هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە دیدارەكەدا، وەزیری دارایی تیشکی خستەسەر دوایین پەرەسەندنەکانی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و بودجە، رایگەیاند"چاوەڕێین لەچوارچێوەی ئەو ڕێکكەوتنە سیاسییەی کە پێشتر لەگەڵ ئیتاری تەنسیقی و حکومەتی عێراق کردومانە کە بوە هۆی پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و جێگیرکردنی پشکی کورد، کێشەی نەوتیش بەهەمان شێوە چارەسەر بکرێت."

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، "کونسوڵی کۆریا لەهەرێمی کوردستان بەڵێنیدا چۆن لە ڕابردودا هاوکارو پشتیوانی حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بون و چەندین پرۆژەی گرنگیان ئەنجامداوە، لەداهاتوشدا هاوکاری و هەماهەنگیەکانیان زیاتر دەکەن، هەروەک هیواشی خواست هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەو وادەیەی بۆی دانراوە لە کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت."

هەروەها وەزیری دارایی داوایكردوە "کۆریای باشور وەک دۆستێکی هەمیشەیی هەرێمی کوردستان ئاگاداری وردەکاری کێشەکان بن و هەوڵ و فشارە دبلۆماسیەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ چارەسەری کێشە کەڵەکەبوەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق."

هەروەها وەزیری دارایی "هیواشی خواست هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕەزامەندی و کۆدەنگی هەمو لایەنەکان لەوادەی دیاریکراودا بەڕێوەبچێت و ئامادەیی وەزارەتی دارایشی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دوپات کردەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×