لێپرسراوی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی یه‌كێتی تێپەڕاندنی هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان له پەرلەمانی عێراق بە "پێشهاتێكی ترسناك" ناودەبات و دەشڵێت: "تێپه‌ڕاندنی ئه‌و یاسایه به‌مشێوه‌یه جگه له‌وه‌ی پێشێلێكی زه‌قی مادده‌كانی ده‌ستوری عێراقه، له‌هه‌مانكاتدا پیلانگێڕییه‌كه دژ به گه‌لی كورد له كه‌ركوك."
ئاوێنە: رزگار حاجی حه‌مه، لێپرسراوی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا وتی"له پێشهاتێكی ترسناكدا ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه رێكه‌وتی 2023/3/27 هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق تێپه‌رێندرا كه تیایدا جیا له پارێزگاكانی دیكه، دۆخی تایبه‌تی به پارێزگای كه‌ركوك دراوه و هه‌ندێك له بڕگه‌كانی پێچه‌وانه‌ی مادده‌كانی ده‌ستوری عێراقه."
ئەوەشی خستۆتەڕو"تێپه‌ڕاندنی ئه‌و یاسایه به‌مشێوه‌یه جگه له‌وه‌ی پێشێلێكی زه‌قی مادده‌كانی ده‌ستوری عێراقه، له‌هه‌مانكاتدا پیلانگێڕییه‌كه دژ به گه‌لی كورد له كه‌ركوك و مه‌به‌ست لێی بێبه‌شكردنی زۆرترین رێژه‌ی كوردی كه‌ركوكه له ده‌نگدان."
دەقی راگەیەندراوەكە:
له پێشهاتێكی ترسناكدا ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه رێكه‌وتی 2023/3/27 هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق تێپه‌رێندرا كه تیایدا جیا له پارێزگاكانی دیكه، دۆخی تایبه‌تی به پارێزگای كه‌ركوك دراوه و هه‌ندێك له بڕگه‌كانی پێچه‌وانه‌ی مادده‌كانی ده‌ستوری عێراقه.
تێپه‌ڕاندنی ئه‌و یاسایه به‌مشێوه‌یه جگه له‌وه‌ی پێشێلێكی زه‌قی مادده‌كانی ده‌ستوری عێراقه، له‌هه‌مانكاتدا پیلانگێڕییه‌كه دژ به گه‌لی كورد له كه‌ركوك و مه‌به‌ست لێی بێبه‌شكردنی زۆرترین رێژه‌ی كوردی كه‌ركوكه له ده‌نگدان.
بۆ هه‌مو لایه‌كی رون ده‌كه‌ینه‌وه كه ئه‌م هه‌مواری یاسایه ته‌واو ناده‌ستورییه به پشتبه‌ستن به‌م مادده ده‌ستوریانه‌ی لای خواره‌وه:
1- له مادده‌ی 14ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراقدا هاتوه: "عێراقییه‌كان بێ جیاوازی ره‌گه‌ز یان ره‌چه‌ڵه‌ك یان نه‌ته‌وه یان ره‌نگ یان ئایین یان ئاینزا یان بیروباوه‌ڕ یان ره‌ئی یان دۆخی ئابوری یان كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌به‌رده‌م یاسادا یه‌كسانن".
به‌ڵام پێدانی دۆخی تایبه‌ت به كه‌ركوك جیاكردنه‌وه‌ی له پارێزگاكانی دیكه پێچه‌وانه‌ی ئه‌م مادده ده‌ستوریه‌یه‌و پێشێلكردێكی زه‌قه.
2- له مادده‌ی 16ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراقدا هاتوه: "هاوتاكردنی ده‌رفه‌ته‌كان مافێكی پارێزراوی هه‌مو عێراقییه‌كانه و ده‌وڵه‌ت ئه‌ركی گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پێویست بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره ده‌گرێته ئه‌ستۆ".
له یاساكه‌دا هه‌رچه‌نده راسته سه‌رژمێری ٥۷ كراوه‌ته بنه‌مای ده‌نگدان، به‌ڵام سنوری ئیداری ئێستای كه‌ركوكی كردۆته مه‌رج بۆ مافی به‌شداریكردن له ده‌نگدان ، به‌مه‌ش ده‌نگده‌رانی ره‌سه‌نی كه‌ركوك له چه‌مچه‌ماڵ و كه‌لار و كفری و خورماتو كه له‌ساڵی 1957 سه‌ر به كه‌ركوك بون، ده‌كه‌ونه به‌رده‌م مه‌ترسیی بێبه‌شكردن.
3- له مادده‌ی 20ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراقدا هاتوه: "هاوڵاتیان به پیاوان و به ژنانه‌وه مافی به‌شدارییان له كاروباری گشتیی‌دا هه‌یه، هه‌روه‌ها مافی پیاده‌كردنی مافه سیاسییه‌كانیان هه‌یه له ناویاندا مافی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن و خۆپاڵاوتن".
به‌ڵام ئه‌م یاسایه ئه‌و مافه‌ی له زۆرێك له دانیشتوانی ره‌سه‌نی پارێزگای كه‌ركوك زه‌وت كردوه.
4- سه‌رپێچییه‌كی ده‌ستوری دیكه‌ی یاساكه پێشێلكردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراقه، چونكه بڕگه‌یه‌كی ئه‌م یاسای هه‌ڵبژاردنه مافی ده‌نگدان له كه‌ركوك ده‌دات به‌و كه‌سانه‌ی پێش ساڵی 2003 فۆرمی خۆراكیان له كه‌ركوك بوه كه مه‌به‌ستی له عه‌ره‌به هاورده‌كانه، كه ژماره‌یان كه‌م نییه و ته‌نها ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی خۆویستانه مامه‌ڵه‌ی مادده‌ی 140یان كردوه پێكهاتوه له 28 هه‌زار خێزانی عه‌ره‌بی هاورده و له‌و ژماره‌یه‌ش 11 هه‌زار خێزان به‌پێی مادده‌كه قه‌ره‌بوكرانه‌وته‌وه، ئه‌مه‌ش بنه‌مای سه‌رژمێری ساڵی 57 پوچه‌ڵ ده‌كاته‌وه و مافی ده‌نگدان به هاورده‌كان ده‌دات و هیچ واتایه‌ك بۆ مادده‌ی 140 ناهێڵێته‌وه.
بۆیه ئێمه كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كه‌ركوك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه كه یه‌كێتی سوره له‌سه‌ر ئامانج و بیروباوه‌ڕی نه‌گۆڕی به‌رانبه‌ر به كه‌ركوك و هه‌مو ناوچه دابرێنراوه‌كان، هه‌مو رێگایه‌كی ده‌ستوری و یاسایی و سیاسی و مه‌ده‌نیش ده‌گرێته‌به‌ر بۆ داكۆكیكردن له خه‌ڵكی خۆراگری كه‌ركوك.
رزگار حاجی حه‌مه
لێپرسراوی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان