2023-03-29   453     
ئەمرۆ چوارشەممە 29ـی ئاداری 2023، بەڕێوبەرانی ناحیەکانی سەرقەڵا و قۆرەتو لە گەرمیان رایانگەیاند، بەرهەمهێنانی نەوت لە بلۆکە نەوتییەکانی ناوچەکانیان بەردەوامە، بەڵام هەناردەکردنی نەوتەکە لە بلۆکێکیاندا راگیراوە.
ئاوێنە: لەو بارەوە تەھا ئیبراھیم، بەڕێوبەری ناحیەی سەرقەڵای سەر بە قەزای کفری، بە 'دەنگ'ـی راگەیاندووە، "لە دوانیوەڕۆی دوێنێ سێشەممەوە ھەناردەی نەوت لەکێڵگە نەوتییەکانی سنووری ناحیەکەمان راگیراوە، بەڵام بەرهەمهێنان بەردەوامە و نەوتە بەرهەمهێنراوەکە عەمبار دەکرێت.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرهەمهێنانی نەوت لە بلۆکی نەوتی گەرمیان کە لەناو هاوڵاتیاندا بە 'حەسیرە' ناسراوە، ئەگەرچی رانەگیراوە، بەڵام زۆر کەمکراوەتەوە و نزیکەی 15 بۆ 20% لەچاو پێشوودا بەرهەمدەهێنرێت. چاوەڕێشی کرد بەرهەمهێنانەکە رابگیرێت ئەگەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە چەند رۆژی داهاتودا دەستپێنەکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەردار محەمەد، بەڕێوبەری ناحیەی قۆرەتو رایگەیاندووە، بەرهەمهێنانی نەوت لە بلۆکی چیاسورخ بەردەوامە، بەڵام زانیارییم نییە لەوەستانی گواستنەوە و هەناردەکردنی نەوتەکە.
بەپێی زانیارییەکان، هەناردەکردنی نەوتی ئەو بلۆکە نەوتییە رانەگیراوە.
هاوکات کۆمپانیای گازپرۆم نەفتی روسی کە وەبەرهێنان لە بلۆکی نەوتی گەرمیان 'حەسیرە'دا دەکات، لەگەڵ کۆمپانیای پیت ئۆیڵ و هاوبەشەکانی کە وەبەرهێنان لە بلۆکی نەوتی چیاسورخ دا دەکەن، بە فەرمی لەوبارەوە تائێستا هیچ راگەیەنراوێکیان نەبووە، بەپێچەوانەی کۆمپانیاکانی دیکە کە لە بلۆکە نەوتییەکانی تردا کاردەکەن و راگەیەندراویان لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوتەوە هەبووە.
بەپێی زانیارییەکانیش، راگرتنی هەناردەی نەوتی سنوورەکە پەیوەندیدارە بە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا پاش پابەندبونی ئەو وڵاتە بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس کە رێگەدان بە هەناردەکردن و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە، بە سەرپێچی رێککەوتننامەی نێوان هەردوو وڵات (تورکیا و عێراق) زانی کە لە ساڵی 1972لەبارەی پرسی نەوت و گواستنەوەیەوە واژۆیان کردووە.
بلۆکی نەوتی گەرمیان، لە چوار بیری نەوت پێکدێت و بەرهەمی رۆژانەی پێش راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم، لەنێوان 12 بۆ 14 هەزار بەرمیلی رۆژانەبوو، ئەمەش لەکاتێکدایە بەرهەمی ساڵێک پێشتری بلۆکی گەرمیان نزیک ببووەوە لە 40 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، بەڵام بە کاریگەریی زیادبونی ئاو لە بیرەکاندا، بەرهەمیان دابەزی.