وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق: تۆپەکە لە گۆڕەپانی هەرێمدایە بۆ هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی سۆمۆوە
  2023-03-29       622       

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، دەبێت كۆمپانیای سۆمۆ نەوت هەناردەی دەرەوە بكات و هەرێمی كوردستانیش پابەندبێت بەوەوە. دەشڵێت، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی هەرێمدایە، بۆ دەربڕینی ڕەزامەندی لەسەر ڕێوشوێنەکانی کۆمپانیای سۆمۆ بۆ ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم.

ئاوێنە: عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێڕاق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی سەبارەت بە نەوتی هەرێم ڕونە و دەبێت هەموان پابەندی بن. دەبێت کۆمپانیای نەوتی عێراق نەوت هەناردەی دەرەوە بکات و ئەمە ئەولەویەتی کارەکانە. پێویستە تورکیا و هەرێمیش پابەندی بن."

عاسم جیهاد وتیشی"حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت ئامادەکاریان کردوە بۆ ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم بە پێی ڕێوشوێنە تازەکان، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی هەرێمدایە، بۆ دەربڕینی ڕەزامەندی لەسەر ڕێوشوێنەکانی کۆمپانیای نەوتی عێراق، بۆ ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم تا پارەی نەوت بچێتە داهاتی نیشتیمانییەوە، دۆخەکە لەسەر ڕەزامەندی هەرێم وەستاوە تا وەزارەتی نەوت، نەوتەکە هەناردە بکات."

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق وتی"وەفد لە هەرێمەوە دێن و ڕاگۆڕینەوە بەردەوامە لەسەر پرۆژە یاسای نەوت و غاز. گفتوگۆش دەکەین لەسەر پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا. گفتۆگۆکان لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەدەچن. هیوادارین کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن."

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق وتیشی"هێشتا ڕاوێژ دەکەین کە لەگەڵ برایانمان لە هەرێم تا بە کەمترین زیان لەم قەیرانە دەرچین، میکانیزمێک بدۆزینەوە بۆ چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ ئەوەی کە لەڕابردودا ڕویداوە و پەیوەندیدارە بە نەوتی هەرێمەوە. دەمانەوێت میکانیزمەکە بە جۆرێک بێت خزمەت بە ئابوری نیشتیمانی بکات. هیوادارین بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×