عەلی حەمەساڵح، ئه‌ندامی دو خولی پێشوی په‌رله‌مانی كوردستان باس له چونی هه‌ریه‌كه له نێچیرڤان بارزانی، قوباد تاڵه‌بانی و ئاشتی هه‌ورامی له سه‌ره‌تای ساڵی 2014 ده‌كات و رایگه‌یاند، شاندی حکومەتی هەرێم، لە زاری ئاشتی هەورامیەوە وتیان: "خۆمان نەوت بفرۆشین سێ هێندەی عێراقمان دەستدەکەوێت".
ئاوێنه: عەلی حەمەساڵح ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه له نوسینێكدا به‌ناونیشانی "کوردستان چۆن بەم دۆخە گەشت!" بڵاویكرده‌وه،"سەرەتایی ساڵی 2014 بو، شاندێكی حکومەت سەردانی پەرلەمانیان کرد، نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی و ئاشتی هەورامی بون، کۆبونەوەیەک لە هۆڵی پڕۆتۆکۆڵ کرا (دانیشتنی پەرلەمان نەبو)، سەرۆکایەتی لیژنەی نەوت و دارایی و یاسایی بەشداربون تەنها بۆ گفتوگۆ بو، د. یوسف محەمەد، سەرۆکی ئه‌وكات پەرلەمان ئامادەی کۆبونەوەکە بو".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌وكاته "زیاتر لە دو مانگ بو هەرێم خۆی نەوتی دەفرۆشت، عێراق هەڕەشەی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی دەکردو دواتریش بڕی، حکومەتی هەرێم لێکۆڵینەوەیەکیان ئامادەکردبو کردبو، ئاشتی هەورامی خستیەڕو، قسەمان لەسەر ئەوە کرد، عێراق بودجەی هەرێم ببڕێت گرفتی گەورە ڕودەدات، شاندی حکومەتی هەرێم، لە زاری ئاشتی هەورامیەوە وتیان: خۆمان نەوت بفرۆشین سێ هێندەی عێراقمان دەستدەکەوێت، وتی: داهات دەگاتە زیاتر لە 30 ملیار دۆلار و بەرهەم دەگاتە (یەک ملیۆن) بەرمیل و هیچی ڕاست دەرنەچو".
په‌یوه‌ست به بڕیاری فرۆشتنی نەوت بەسەربەخۆ، عەلی حەمەساڵح باسی له‌وه‌كرد، "بەدەرچونی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان ساڵی 2007 لەلایەن پارتی و یەکێتی، زۆر بەڕونی بەرنامەی یاسایی داناوە بۆ فرۆشتنی نەوت بەسەربەخۆ، ساڵی 2011، نێچیرڤان بارزانی ڕێککەوتنی 50 ساڵەی کرد‌و بڕیاری دروستکردنی بۆری نەوتی هەرێمی کورستان بۆ تورکیا درا".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پێشوی كوردستان، ده‌ڵێت، له 15ی 10ی 2013 پێش پێکهێنانی کابینەی هەشتەم، بۆ یەکەمجار نەوت بەشێوەی سەربەخۆ ڕۆشت، لە سەرەتای 2014 عێراق بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، زانیاری هەڵە، پلانی هەڵە، تەماحی شیرینی نەوت، ئەنجامی هەڵەی لێکەوتەوە، ئێستاش بژاردەی ژیرانە رێککەوتنە لەگەڵ عێراق".
له 25ی ئه‌م مانگه‌وه هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له رێگه‌ی توركیاوه راگیراوه، دوای ئه‌وه‌ی پێشتر دادگای ناوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تی له پاریس بڕیاری دژی دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له به‌رژه‌وه‌ندی حكومه‌تی عێراق، ئه‌وه‌ش زیانی گه‌وره‌ی له ئابوری هه‌رێمی كوردستان داوه كه به شاده‌ماری ئابوری هه‌رێمه نیمچه سه‌ربه‌خۆكه ناوده‌برێت.
