بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: داوامان لە تورکیاو عێراق کردوە دەست بە هەناردەی نەوت بکەنەوە
  2023-04-01       617       

كەناڵی روداو، ئەمڕۆ شەممە، لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاویكردۆتەوە كە داوایان لە تورکیا و عێراق کردوە دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکەنەوە لە رێگەی بۆڕی نەوتی عێراق تورکیاوە .

 ئاوێنە: كەناڵەكە، ئەمڕۆ شەممە، لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە زاری بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە بڵاویكردۆتەوە، "ئێمە داوامان لە حکومەتەکانی تورکیاو عێراق کردوە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆڕی نەوتی تورکیا – عێراق بکەنەوە. پچڕاندنی دابینکردنی وزەی جیهان خزمەتی بەرژەوەندی هیچ لایەک ناکات."

 ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وتوشیەتی"بەرپرسانی ئەمریکا بەردەوامن لە داواکردن لە بەرپرسانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە کێشەی بودجە و هایدرۆکاربۆن بەشێوەیەک چارەسەر بکەن کە سودی بۆ هاوڵاتیانی عێراق هەبێت، بەوشێوەیەی کە دەستوری عێراق داوا دەکات."

بەرپرسەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جەختی كردۆتەوە"ئێمە هاوبەشی ستراتیژیمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستان بەهادار دەبینین. هاوبەشیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان فرەلایەنە، ئێمە لە دژی تیرۆریزم هاوبەشین. ئێمە پشتیوانی لە چاکسازییە ئابوری و ئیدارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ بنیادنانی ئابورییەکی رون و شەفافتر، هەمەچەشنترو بەهێزتر. ئێمە پشتیوانی لە کارسازی دەکەین بۆ هاندانی گەشەیەکی ئابوری گشتگیر. هەروەها، بەیەکەوە کاردەکەین بۆ هێشتنەوەو پاراستنی شوێنەوارەکان. هاوکات، ئاڵوگۆڕی پەرەوەردەییش زیاتر دەکەین. هەروەها، لە کۆبونەوە بەردەوامەکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامانجمانە هانی رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە مەدەنییەکان و پابەبەندبون بەسەروەری یاسا بدەین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×