نەخۆشییەكی گواستراوە لەنێو منداڵان لە سلێمانی و هەڵەبجە بڵاودەبێتەوە
  2023-04-22       1290       

ماوەیەكە نەخۆشییەكی گواستراوە بەناوی "هەوكردنی پەردەی مێشك" لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بڵاوبۆتەوە. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی فێركاری سلێمانی دەڵێت، نەخۆشییەكە جێی "ترس و دڵەڕاوکێی زیاد لە پێویست" نییە. بەڵام بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە دەڵێت، بەوهۆیەوە هەمو جۆرە سەردانكردنێكیان بۆ نەخۆشخانەی منداڵان راگرتوە، لەبەرئەوەی ترس هەیە بەشێوەیەكی فراوان نەخۆشییەكە بڵاوببێتەوە.

ئاوێنە: د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی، "ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە نەخۆشییەكی گواستراوە بە ناوی هەوكردنی پەردەی مێشك بڵاوبۆتەوە، تا ئێستا زیاتر لە 30 منداڵ رەوانەی نەخۆشخانەی منداڵان كراون".

ئاماژەی بەوەشكردوە، "مەترسی هەیە زیاتر ئەو نەخۆشییە بڵاوببێتەوە، چونكە چەندین منداڵ كە ئەندامی یەك خێزانن توشی ئەو نەخۆشییە بون، هەربۆیە بڕیارمانداوە هەمو جۆرە سەردانكردنێكی نەخۆشخانەی منداڵان لە هەڵەبجە رابگیرێت، تا بتوانین بەر بەو نەخۆشییە بگرین".

دوابەدوای ئەویش، ئەمڕۆ شەممە، د.پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری دکتۆر جەمال ئەحمەد  ڕەشید لە سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"ماوەی زیاتر لە مانگێکە حاڵەتەکانی هەوکردنی پەردەی مێشك بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو زیادیان کردوە."

لەبارەی ئەوەی بۆچی پێشتر ئەوەیان بڵاونەكردۆتەوە، د.پشدەر ئاماژەی بەوەداوە كە بۆ ئەوەی "ترس و دڵەڕاوکێی زۆر لەلای هاوڵاتییان بڵاونەبێتەوە. چونکە ئەو حاڵەتە لەلای هاوڵاتییان زۆر بە مەترسیدار سەیر ئەکرێت."

د. پشدەر ئاماژەی بەوەداوە، "هەر لەسەرەتای زیادکردنی حاڵەتەکان بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی سلێمانیمان ئاگادارکردەوە. هەمو ڕۆژێک جگە لە هەینی ڕۆژانە لە نەخۆشخانە چالاکی زانستیمان هەیە کە زۆربەی پزیشکەکان بەشداری تێدا ئەکەن، گفتوگۆ ئەکرێت لەسەر هەمو حاڵەتەکان، چەند جارێک لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆی زانستیانە کراوە لە کۆبونەوەی زانستی ڕۆژانەی نەخۆشخانەکەمان."

وتوشیەتی"هەمو ڕێکاری زانستیمان گرتەبەر بۆ دیاریکردنی هۆکاری زیادبونی حاڵەتەکان و چارەسەریش دیاریکراوە."

بەقسەی د. پشدەر "چەندین ساڵە بەردەوام حاڵەتی هەوکردنی پەردەی مێشك هەر هەبوە، بەڵام ئەم ماوەیە زۆر زیادی کردوە." وتوشیەتی"پزیشکەکانمان ئاشنان بە نەخۆشییەکە و چارەسەریش بەردەستە بۆیە پێویست بە ترس و دڵەڕاوکێی زیاد لە پێویست ناکات، تەنها ئەگەر نیشانەکانی تێبینیتان کرد بەزویی منداڵەكە بیهێنە بۆ نەخۆشخانە بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت."

لەبارەی هۆكاری نەخۆشییەكە وتویەتی"شێوازی بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکەو نیشانەکان و شیکاری تاقیگەیی زۆربەیان دەردەکەوێت کە هۆکاری بەشی هەرەزۆریان ڤایرۆسییە بەڵام بەشێکیشیان بەکتریایە."

ئاماژەی بەوەشداوە "بەشی هەرە زۆریان چارەسەریان بۆ کراوەو بەشێکیشیان لە ژێر چارەسەردان، پشتیوان بەخودا ئەوانی تریش بەبێ کێشە چارەسەریان بۆ ئەکرێت."

د. پشدەر عەبدوڵا بەمشێوەیەی خوارەوە نەخۆشییەكە و نیشانەكانی خستۆتەڕو:

هەوکردنی پەردەی مێشک چییە؟ نیشانەکانی چین؟ ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەوکێشە تەندروستییانە چین کە منداڵەکە لەوانەیە توشی ببێت؟

بریتیە لە هەوکردنی پەردەی دەوری مێشک و دڕکه پەتک.

هۆکارەکانی:

لەوانەیه بەکتریا، ڤایرۆس، شێرپەنجە، دەرمان، یان پاڕاسایت بێت.

نیشانەکانی لەوانەیە یەکێک یان کۆمەڵێک لەو نیشانانەی خوارەوە بێت:

بۆ منداڵی بچوکتر لە ۳ مانگ:

۱- شیرخواردنی کەم ئەبێتەوە.

۲- ڕشانەوە.

۳-بێزاری و ئیزعاج بون .

٤- تای بەرز.

٥-گەشکە.

٦-لەوانەیه پلەی گەرمی لەشی دابەزێت.

۷- لەشی نەرم ئەبێت واتە بێ هێز .

۸- شەکرەی خوێنی دابەزێت.

۹- ئەو بەشەی لە کەلـلەی سەردا مەڵاشوی پێ ئەڵێن بەرەو دەرەوە دەرئەچێت.

نیشانەکانی لە منداڵی گەورەتر لە یەک ساڵ لەوانەیە یەکێک یان کۆمەڵێک لەو نیشانانە بێت:

۱-ڕشانەوەو دڵ تێکهەڵاتن.

۲- سەرئێشە.

۳-هەستیاری بە ڕوناکی زیاد ئەکات، واتە بە ڕوناکی ئیزعاج ئەبێت.

٤-تای بەرز.

٥- هۆشی منداڵەکە تێک ئەچێت.

٦- بێ تاقەتی و ئیزعاج بون.

۷- لەوانەیە گەشکەی لێبدات.

۸- ملی ڕەق ئەبێت.

د. پشدەر ئاماژەی بەوەشداوە "بۆ دیاریکردنی نەخۆشییەکە پێویستە ئاو لە پشتی منداڵەکە دەربهێنرێت، بە داخەوە زۆرجار دایک و باوکی منداڵەکە ڕێگەنادەن ئەو شیکارە بکرێت کە زۆر ئاسانەو هیچ کێشەیەک بۆ منداڵەکە دروست ناکات."

لەبارەی ئەوەی ئەگەر منداڵەكە چارەسەر وەرنەگرێت لەوانەیە ڕوبەڕوی چ کێشەیەکی تەندروستی ببێتەوە؟ د. پشدەر عەبدوڵا ئەم خاڵانەی دەستنیشان كردون:

۱- لەوانەیە ببێتە هۆی مردنی.

۲- کێشەی بینین و لە دەستدانی بینین.

۳- کێشەی بیستن و لەوانەیە بیستنی بەتەواوی لەدەست بدات.

٤- گەشکەی بەردەوام.

٥- ئیفلیج بون.

٦- زیرەکی و ئاستی توانای مێشکی کەم بێتەوە.

لەكۆتاییشدا ئەو پزیشكە داوای لە دایك و باوكان كردوە "هەرگیز لەبەر کەللـەڕەقی ژیانی منداڵەکەیان نەخەنە مەترسییەوە." وتویەتی"هەر کێشەیەک لەوانە ڕوبدات ئەبێ هەمو تەمەنت ئاخ هەڵبکێشیت و لە ئاست منداڵەکەتدا چاو نەکەیتەوەو خزمەتی بکەیت."

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×