هیومان رایتس ۆوچ: هێزە ئەمنییەكانی ئێران منداڵانیان كوشتون، ئەشكەنجەو دەستدرێژی سێكسیان كردونەتەسەر
  2023-04-26       353       
دانانی مۆنۆمێنتی منداڵانی كوژراوی ئێران لە بەردەم نوسینگەی یونیسێف لە واشنتۆن لە 30ی تشرینی دوەمی 2022.

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند، هێزە ئەمنییەكانی ئێران لەمیانی سەركوتكردنی خۆپیشاندانە بەرفراوانەكانی ئەو وڵاتەدا ئەشكەنجە و دەستدرێژی سێكسی و بێسەروشوێنكردنی بەرامبەر بە منداڵان ئەنجامداوە ئەوەش وەك بەشێك لە شێوازی پێشێلكارییە دیارەكان.

ئاوێنە: رێكخراوەكە لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەشداوە، دەسەڵاتدارانی ئێران چەندین منداڵیان دەستگیركردون و دادگاییان كردوە بەبێ رەچاوكردنی گەرەنتییە یاساییەكان و هەروەها دادوەران رێگەیان بە كەسوكارییان نەداوە پارێزەر بۆ منداڵەكانیان بگرن و تۆمەتی ناڕونیان روبەڕوی منداڵەكان كردۆتەوەو لەسەرییان سزایان بەسەردا سەپاندون.

ئەوەشی خستۆتەڕو، هەندێك لەو منداڵانە بەبێ ئاگاداركردنەوەی خێزانەكانیان بۆ ماوەی چەندین هەفتە دەستگیركراون، بەشێكیان لەكاتی ئازادكردنیاندا بێبەشكراون لە گەڕانەوە بۆ قوتابخانەكانیان یاخود دەسەڵاتداران پشتیوانی چاودێری كۆمەڵایەتییان لە خانەوادەكانیان بڕیوە كە ئەوەش ناچاری كردون منداڵەكانیان بنێرن بۆ كاركردن.

تارا سپەهری فەڕ، لێكۆڵەری باڵای كاروباری ئێران لە رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ وتویەتی، "سەرانی ئێران رێشمەی هێزە دڕندەكانیان بەرداوە بۆ ئەوەی دەستدرێژی بكەنە سەر منداڵان لەڕوی سێكسییەوە ئەشكەنجەیان بدەن و بەدەریشییان نەكردون لە دادگاییكردنی ستەمكارانە. لەماوەی حەوت مانگی رابردودا، دەسەڵاتدارانی ئێران هیچ سڵیان لە بەرفراوانكردنی بەكارهێنانی زەبرو زەنگی دەوڵەت نەكردۆتەوە بۆ دەمكوتكردنی هەموان، تەنەنات منداڵانیش."

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە پێشێلكاریی گەورەیان دژ بە 11 منداڵ لە ئەیلولی ساڵی رابردو تا شوباتی ئەمساڵ تۆماركردون و داواشی لە نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ بەدواداچونی راستییەكان لە ئێران كردوە، لێكۆڵینەوە لەو پێشێلكارییە گەورانەی دژی منداڵان بكەن لە چوارچێوەی راپۆرتەكەیان لەبارەی پێشێلكارییەكانی حكومەتی عێراق بەرامبەر بە مافەكان.

یەكێك لە كەسوكاری ئەوانەی دەستگیركراون كە كوڕێكی مێردمنداڵی 17 ساڵان بوە، رایگەیاندوە، دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر كوڕەكەیان و لەژێر ئەشكەنجەدا سەرجەم جەستەی شین و مۆر كراوەتەوەو توشی خوێنبەربونی كۆمیش بوەو هەروەها مێردمنداڵیكی كچ وتویەتی، هێزە ئەمنییەكان لەكاتی دەستگیركردنیدا پاڵیان پێوە ناوە بۆ لای سوپایەكی غازو جلەكانی بەری ئاگری گرتوەو لەكاتی لێكۆڵینەوە لەگەڵی بە قامچی لێیان داوە. هەروەها مێردمنداڵێكی دیكەی كوڕییان بە دەرزی كردن بەژێر نینۆكیدا ئەشكەنجە داوەو دو منداڵی دیكەش روبەڕوی ئەشكەنجە كراونەتەوەو كوڕێكی 16 ساڵانیش لەدوای لێدان و كارەبالێدان و دەستدرێژی سێكسی بۆ سەری، دو جار هەوڵی خۆكوشتنی داوە.

پارێزەرێكی ئێرانی وتویەتی، ئاگادارە كە 28 منداڵ ئەو تۆمەتانەیان دراوەتە پاڵ كە ئەگەری هەیە لەسەر ئەو تۆمەتانە بە لەسێدارەدان یان بڕینەوەی دەستی راست و پێی چەپ سزابدرێن.

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە تاوەكو نیسانی ئەمساڵ رێكخراوە مرۆیییە ئێرانییەكان كوژرانی 537 كەسیان لەسەر دەستی هێزە ئەمنییەكان تۆماركردوە كە لەنێویاندا لانیكەم 68 منداڵ هەن.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×