هیومان رایتس ۆوچ: پاسەوانانی سنوری توركیا سورییەكان ئەشكەنجە دەدەن و دەیانكوژن
  2023-04-28       559       

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند، پاسەوانانی سنوری توركیا بەشێوەیەكی هەڕەمەكی تەقە لە هاوڵاتیانی سوری دەكەن لەسەر سنورو هەروەها ئەشكەنجەو هێزی لەڕادەبەر دژ بەو سورییانە بەكاردەهێنن كە دەیانەوێت لە سنوری بپەڕنەوە بەمەبەستی داواكردنی مافی پەنابەرێتی. دەشڵێت، دەبێ حكومەتی توركیا لێكۆڵینەوەو لێپێچینەوە لەو پاسەوانانەی سنور بكات كە لەم پێشێلكارییانەوە گلاون و سنورێك بۆ دەربازبونیان لە سزا دابنێت.

 ئاوێنە: رێكخراوەكە لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەدا كە رۆژی 11ی ئازار، هێزەكانی پاسەوانی سنوری توركیا، بەشێوەیەكی دڕندانە لە هەشت هاوڵاتی سورییان داوەو ئەشكەنجەیان داون كاتێك ئەو هاوڵاتییە سورییانە ویستویانە لە سنور بپەڕنەوە بۆ توركیا، لەوانە پیاوێك و مێردمنداڵێكیان لە دەستبەرسەرگەی توركەكاندا گیانیان لەدەستداوەو ئەوانی دیكەش بەسەختی بریندارن.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لە 13ی ئازار، سەربازێكی پاسەوانی سنوری توركیا، تەقەی كردوەو پیاوێكی 59 ساڵانی سوری كوشتوە لەكاتی كێڵانی زەوییەكەیدا لەناوچەیەكی نزیك سنورو هیچ زانیارییەكیش نییە كە لێكۆڵینەوە لەم تاوانی كوشتنە دەستی پێكردبێت.

هیو ویلیامسۆن، بەڕێوەبەری ئەوروپاو ئاسیای ناوەڕاست لە رێكخراوەكە وتویەتی"ئەو سەربازانەی هێزە چەكدارەكانی توركیا كە بەرپرسن لە چاودێری سنور، بەشێوەیەكی رۆتینی دەستدرێژی دەكەنە سەر سورییەكان و بەشێوەیەكی هەڕەمەكی تەقەیان لێدەكەن، ئەوەش بۆتە مایەی كوژران و برینداربونی سەدان سوری لەم ساڵانەی دواییدا. كوشتنی سەرەڕۆیانەی سورییەكان ناشرینترین كردەوەیانەو بەشێك لەو شێوازە دڕاندانەیەی پاسەوانی سنوریی توركیا پەیڕەوی دەكات بەبێ ئەوەی حكومەتی رێگرییان لێ بكات یاخود لێكۆڵینەوەیەكی كارای لەبارەوە بكات."

بەگوێرەی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا لەسەر سنورو لەسەر دەستی هێزەكانی پاسەوانی سنوری توركیا، 11 سوری گیانیان لەدەستداوەو 20 سوری دیكەش برینداربون.

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە پێویستە حكومەتی توركیا بەپەلە رێنمایی یەكگرتو بۆ سەرجەم پاسەوانانی سنور دەربكات و تێیدا تەقەكردن لەلایەن پاسەوانی سنورەوە زۆر قورس بكات و پێداچونەوەیەكی گشتگیر بە سیاسەتە ئەمنییەكانیدا بكات لەسەر سنور.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×