سەرۆك كۆماری عێراق دەگاتە تاران و لەگەڵ سەرۆكی ئێران كۆدەبێتەوە
  2023-04-29       277       

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، د. لـەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عێراق بە یاوەری خانمی یەكەمی وڵات و بە سەرۆكایەتی وەفدێكی باڵای حكومەتی عێراق گەیشتە تاران و لەلایەن ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێرانەوە پێشوازی لێكرا.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، ئەو وەفدەی كە سەرۆك كۆمار لە سەردانەكەیدا بۆ تاران سەرۆكایەتی دەكات، پێكدێن لە فواد حسێن، وەزیری دەرەوەو زیاد عەلی فازڵ، وەزیری كارەبا و عەبد عەون زیاب، وەزیری سەرچاوە ئاوییەكان و قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی لەگەڵ ژمارەیەك لە راوێژكاران و گەورە بەرپرسانی عێراق.

بەپێی قسەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، سەردانەكەی د. لەتیف رەشید لەسەر بانگهێشتی رەسمی سەرۆك كۆماری ئێران بوە.

بەپێی میدیای رەسمی ئێران، سەرۆك كۆماری عێراق لە فڕۆكەخانەی میهراباد لە تاران لەلایەن ئیحسان خاندوزی، وەزیری دارایی و ئابوری ئێرانەوە پێشوازی لێكراوەو هەروەها ئەنسیە خەزعەلی، یاریدەدەری سەرۆك كۆمار بۆ كاروباری ژنان پێشوازی لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەكەمی عێراق كردوە.

دوابەدوای ئەوە بەپێی میدیای ئێرانی سەرۆك كۆماری عێراق بەرەو كۆشكی سەعدئاباد بەڕێكەوتوەو لەوێ لەلایەن ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێرانەوە بەڕێوڕەسمێكی رەسمی پێشوازی لێكراوە.

د. لەتیف رەشید لە پۆستی سەرۆك كۆماردا بۆ یەكەمجارە سەردانی ئێران دەكات و لەدوای پێشوازی لێكردنیشی لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە لە ئێستادا لە كۆبونەوەدان.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×