چەند ڕۆژێکە ئەردۆغان توانای بەشداریکردنی لەکەمپەینی هەڵبژاردنەکاندا نەماوە
  2023-04-30       529       

ڕۆژنامەی "مۆسکۆڤسکی کۆمسۆمۆلیتس"ی ڕوسیی بابەتێکی لەسەر جۆری نەخۆشییەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیاو کاریگەرییەکانی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە بڵاوکردۆتەوە، بەتایبەت کە ماوەی چەند ڕۆژێکە ئەردۆغان توانای بەشداریکردنی لەکەمپەینی هەڵبژاردنەکاندا نەماوەو بۆچونی جیاوازیش لەسەر جۆری نەخۆشییەکەی هەیە.

لەبابەتی ڕۆژنامە ڕوسییەکەدا هاتوە، دوای ئەوەی ئەردۆغان لەپەخشێکی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنی تورکیدا نەخۆشیی لێدەرکەوت، جیهان بەگشتیی‌و خەڵکی تورکیا بەتایبەت بەوریاییەوە لەبابەتەکە دەڕوانن، هەرچەندە ئەردۆغان خۆی دواتر وتویەتی، بەهۆی شەکەتییەوە ڤایرۆسی گەدە زەفەری پێبردوەو نەخۆشیی خستوە، بەڵام هەڵوەشاندەوەی بۆنە گشتییەکان‌و بەشدارینەکردنی لەکەمپەینی هەڵبژاردنەکان گەلێک گومان‌و پرسیاری لای خەڵک‌و چاودێران دروستکردوە.

هەروەک، ناوەندی حکومی بۆ بەرەنگاربونەوەی زانیاریی ناڕاست لەتورکیا بەخێرایی هەموو ئەو دەگۆیانەی ڕەتکردەوە، گوایە سەرۆکی تورکیا ڤایرۆسی ڕیخۆڵە نەبوە، بەڵکو توشی جەڵتەی دڵی ڕاستەقینە بوە (بەتایبەت کە سەرۆک لەنەخۆشخانە خەوێندراوە).

ڕۆژنامەکە دەڵێت، "ئایا ئەگەر بەڕاست ئەرۆغان توشی نەخۆشییەکی مەترسیداریش نەبوبێت، ئایا بەهۆی دورکەوتنەوەی لەکەمپەینەکان کاتێکی زێرین بەفیڕۆ نادات، بەتایبەت کە دۆخی سیاسیی ئەردۆغان زۆر ناسکەو ڕاپرسییەکان ئاماژە بەبونی جیاوازییەکی کەم لەنێوان ئەوو کاندیدی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا دەکەن".

لەو چوارچێوەیەدا، یاشار نیازبایڤ سەرنوسەری گۆڤاری "کۆمسۆمۆلیتی مۆسکۆڤسکی–بەشی تورکی  وتویەتی، "پێموایە دورکەوتنەوەی ئەردۆغان لەکەمپیەنی هەڵبژاردنەکان کاریگەری نەرێنیی لەسەر ڕەوتی کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان نابێت، بەوپێیەی تایبەتمەندییەک لەتورکیا هەیە کە وایان لێدەکات لەم ڕوداوەدا خۆبەخش‌و ماندوبونی ئەردۆغان بۆ کارکردن لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان ببینن".

ئەوان دەڵێن بانگەشەکانی پێش هەڵبژاردن لەڕاستیدا وزەیەکی زۆری پێویستەو کەسەکە هەست بەماندوێتی دەکات، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک، ئەردۆغان بەردەوامە لەکارکردن، بەتایبەتیش کە ئەردۆغان هەمان ڕۆژ داوای لێبوردنی کردو ئاماژەی بەوەکرد، ڕوداوی نەخۆشکەوتنەکە بەهۆی ماندوبونەوە بوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، پزیشکەکان ڕێنمایی ئەردۆغانیان کردوە بەوەی بەوەی بەشداریی بەرنامە تەلەفزیۆنییەکە نەکات، بەڵام وەک ڕێزێک بۆ بینەران سور بوە لەسەر بەشداریکردنەکە، پرسیارەکەش ئەوەیە ئەردۆغان چەندی تر لەبەشداریکردن لەکەمپەینی هەڵبژاردنەکان دوردەکەوێتەوە، بەوپێیەی ئەگەربێت‌و ماوەکەی زۆربێت ئەوە دۆخەکە ئاڕاستەکەی تر وەردەگرێت، بەڵام ئەگەربێت‌و ئەردۆغان لەماوەی چەند ڕۆژ داهاتودا لەبەرامبەر خەڵکدا دەربکەویتەوە، ئەوە وەک پەرۆشییەک سەیر دەکرێت‌و کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئاستی جەماوەریی ئەردۆغان نابێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×