لە ئێران دو کەس بە تاوانی "سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام" لە سێدارە دران
  2023-05-08       404       

دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاند، ئەمڕۆ دوشەممە بە تاوانی "سوکایەتیکردن بە پێغەمبەر محەمەد (د.خ) و پیرۆزییەکانی دیکەی ئیسلام" سزای لەسێدارەدانیان بەسەر دو کەسدا جێبەجێکرد.

ئاوێنە: ماڵپەڕی میزان ئۆنلاین-ی دەزگای دادوەری ئێران بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدان بە هەڵواسینی سەدروڵا فادیلی زاری و یوسف مێهرداد، بە تاوانی "سوکایەتیکردن بە پێغەمبەر محەمەد و پیرۆزییەکانی دیکەی ئیسلام، لەوانەش سوتاندنی قورئان" سزا دراون.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، یەکێک لە سزادراوەکان لە مانگی ئازاردا دانی بەوەدا ناوە کە چۆنێتی سوکایەتییەکانی لە سۆشیال میدیادا بڵاوکردوەتەوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئێران لە ڕوی ژمارەی سزای لەسێدارەدانەوە، لە دوای چین لە پلەی دوەمی جیهاندایە.

دو ڕێکخراوی مافی مرۆڤ پێشتر رایانگەیاندبو، کە ڕێژەی حوکمی لەسێدارەدان کە لە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ساڵی 2022دا ئەنجام دراون بە بەراورد بە ساڵی پێشو بە ڕێژەی 75% زیادیکردوە.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، تاران لە ساڵی 2022دا لانیکەم 582 کەسی لەسێدارەداوە، ئەوەش زۆرترین ژمارەیە لەمڕوەوە لە ساڵی 2015ەوە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×