کشانەوەی ئینجە لە كاندیدی سەرۆكایەتی توركیا ئەگەری سەرکەوتنی کلیچدارئۆغڵو زیاد دەکات
  2023-05-11       651       

موحەڕەم ئینجە، سەرۆكی پارتی مەملەكەت و كاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا، ئەمڕۆ پێنجشەممەو سێ رۆژ بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی توركیا، لە هەنگاوێكی چاوەڕوان نەكراودا، كشانەوەی خۆی لە پێشبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی راگەیاند، هەنگاوێك كە چاودێران پێیان وایە ئەگەری سەركەوتنی كەمال كلیچدارئۆغلۆ، كاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەرۆكایەتی، لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا زیاتر دەكات.

ئاوێنە: موحەڕەم ئینجە، یەكێك لە چوار كاندیدەكەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان كشانەوەی خۆی لە پێشبڕكێی هەڵبژارنی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا راگەیاند، ئەوەش لەكاتێكدایە رۆژی یەكشەممەی داهاتو هەڵبژاردنەكانی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچن.

موحەڕەم ئینجە كە ماوەیەكی زۆرە بە پاساوی دابەشكردنی دەنگی ئۆپۆزسیۆن، بۆتە ئامانجی هەڵمەتێكی گەورەی ئۆپۆزسیۆنی ركابەری ئەردۆغان، ئەمڕۆ بە رۆژنامەنوسانی وت"لە كاندیدبونم دەكشێمەوەو ئەوەش لەپێناو وڵاتەكەمدا دەكەم"، ئەو پشتیوانی لە هیچ كاندیدێكی تر نەكردو تەنها داوای لە خەڵك كرد دەنگ بە كاندیدانی حزبەكەی بدەن بۆ پەرلەمان.

ئینجە بڵاوكردنەوەی ژمارەیەك وێنەو ڤیدیۆی سێكسی خۆی كە دەڵێت "ساختە"ن بە یەكێك لە هۆكارەكانی كشانەوەی لە كێبڕكێكە ناوبرد.

رەجەب تەیب ئەردۆغان لەوبارەیەوە وتی، "دڵتەنگم" بە كشانەوەی ئینجە.

بەپێی راپرسییەكی "سەنتەری راپرسی كۆندا"، كە لە رۆژانی 6 و 7ی ئەم مانگەدا ئەنجامدراوە، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا ئەردۆغان 43.7% دەنگەكان و كلیچدارئۆغلۆ 49.3%ی دەنگەكان بەدەستدەهێنێت و موحەڕەم ئینجە-ش 2.2% دەنگەكان بەدەستدەهێنێت، بەوەش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەچێتە گەڕی دوەم.

بەڵام دوای ئەوەی ئەمڕۆ موحەڕەم ئینجە كشانەوەی خۆی راگەیاند، بەكر ئاگیردەر، بەڕێوەبەری سەنتەری راپرسی كۆندا بە پێگەی T24ی راگەیاند، ئەگەری سەركەوتنی كەمال كلیچدارئۆغلۆ لە گەڕی یەكەمدا زیادی كردوە، توشی سەرسوڕمان نابم ئەگەر كلیچدارئۆغلۆ 51%ی دەنگەكان بەدەسبهێنێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×