هاوڵاتیانی توركیا سه‌رۆك‌و په‌رله‌مانی‌ نوێی‌ وڵاته‌كه‌یان هه‌ڵده‌بژێرن
  2023-05-13       583       


سبەی ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتیی‌و پەرلەمانییەکەی تورکیا دەستپێدەکات‌و خەڵکی تورکیا متمانەیەکی پێنج ساڵیی بەسەرۆک‌و پەرلەمانی وڵاتەکەیان دەبەخشن.
 
ئاوێنه‌: سبەی یەكشەممە 14-5-2023، پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەركۆمارو 28مین خولی پەرلەمان لەسەرتاسەری توركیا دەستپێدەكات‌و پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدان لەكاتژمێر 08:00ی بەیانییەوە تا كاتژمێر 05:00ی ئێوارە به‌رده‌وام ده‌بێت.

لەم هەڵبژاردنەدا سەركۆمار كە ماوەی خولەكەی پێنج ساڵەو ئەندامانی نوێی پەرلەمانی توركیا هەڵدەبژێردرێن و بۆ ئەو مەبەستەش لەهەزارو 94 بنكەی دەنگدان زیاتر لە 191 هەزار سندوق دادەندرێن.

بڕیارە سبەی 60 ملیۆن‌و 697 هەزارو 843 هاوڵاتی توركیا كە تەمەنیان لەسەرو 18 ساڵەوەیە ڕو لەناوەندەكانی دەنگدان بكەن. 

دەنگدەر دوو پسوڵەی جیاوازی پێدەدرێت كە یەكێكیان تایبەتە بەهەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو ئەوەی دیكەشیان تایبەتە بەهەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمان، پسوڵەكان دەكاتە یەك زەرفی نامەوەو دەیخاتە ناو سندوقەكانی دەنگدانەوە.

کێبڕکێی سەرۆکایەتی لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان لەهاوپەیمانی کۆمارو کەمال کڵچدارئۆغڵو لەهاوپەیمانی میللـەت چڕبووەتەوە بۆ گەیشتن بەکۆشکی چانکایە بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتو لەسەر کورسی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دابنیشێت.

هه‌روه‌ها لەهەڵبژاردنی پەرلەماندا كە 28مین خولی پەرلەمانی توركیایە 24 پارت‌و 151 كاندیدی سەربەخۆ لەسەرانسەری توركیادا بەشدارن.

پارتەکان بەپێنج هاوپەیمانی جیا کە بریتیین لەهاوپەیمانانی "کۆمار، میللەت، ئاتا، رەنج‌و ئازادی‌و یەکێتیی هێزی سۆسیالیست" بەشداری لەهەڵبژاردنەکاندا دەکەن.

لەچوارچێوەیەشدا هەریەک لەئاک پارتی، مەهەپە، بەبەپەو پارتی یەنیدەن رەفاهـ بەناوی "هاوپەیمانی جمهور" بەشداری لەهەڵبژاردنەکاندا دەکەن.

هەر یەک لەجەهەپە، ئیی پارتی، پارتی سەعادەت، پارتی ئایندە، پارتی دیموکراسیی و پارتی دیموکراسیی و پێشکەوتن و پارتی دیموکرات لە "هاوپەیمانی میللەت"-دا کۆبوونەتەوە.

هەروەها پارتی سەوز و ئایندەی چەپ (پارتی سەوزی چەپ) و پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) لەژێر ناوی "هاوپەیمانی کار و ئازادی" بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ش کە دۆسیەی داخستنی لە دادگای دەستووریی تورکیا درێژەی هەیە لە لیستی "پارتی سەوزی چەپ"دا بەشدارە.

هەر یەک لەپارتی زافەرو پارتی داد لەژێر ناوی "هاوپەیمانی ئاتا"و پارتەکانی دیکە وەک پارتی کۆمۆنیستی تورکیاو بزووتنەوەی کۆمۆنیستی تورکیاو پارتی چەپ لەژێر ناوی هاوپەیمانی "یەکێتیی هێزی سۆسیالیست" بەشداری دەکەن.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×