وەزارەتی كشتوكاڵ شەش رێكار بۆ رێگری لە تای خوێنبەربون دەگرێتەبەر
  2023-05-20       1361       

حكومەتی هەرێم رایگەیاند، "وەزارەتی کشتوکاڵ، شەش ڕێکاری بەپەلەو گرنگی بۆ ڕێگری لە بڵاوبونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربون دەرکردوە و داوای کۆنترۆڵکردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێویەکی نافەرمی دەکات."

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رێكارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ رێگری لە بڵاوبونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربون بریتین لە:

یەکەم: پێویستە ئاژەڵەکان لە سەربڕخانە فەرمییەکان سەرببڕدرێن و بە پشکنین و مۆری فەرمیی ڤێرتێرنەری بچێتە بازاڕەوە؛ سەربڕینی ئاژەڵیش لەسەر ڕێگاکان و لاکۆڵانەکان قەدەغەیە.

دوەم: دەبێت پشکنین بۆ ئاژەڵەکان پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بکرێت، بەمەبەستی دڵنیابونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکە.

سێیەم: پێویستە ڕێکارە تەندروستییەکان بۆ پۆشینی جلوبەرگی تایبەت و کەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەکاندا ڕەچاو بکرێت.

چوارەم: کەرەنتینەکانی ئاژەڵ لە مەرزو فرۆکەخانەکاندا، پێویستە پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکەن کە دێنە ناو هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی دڵنیابونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکان.

پێنجەم: وەزارەتی کشتوکاڵ ڕێکاری پێویست دەگرێتەبەر بەمەبەستی دابینکردنی دەرمانی شوشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەکی (قڕنە) کە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشیی تای خوێنبەربونە لەنێوان ئاژەڵەکان، ئەم هەڵمەتە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەبێت.

شەشەم: کۆنترۆڵکردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بەشێوەیەکی نافەرمی و لە سنورەکانی دەرەوەو نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها ڕێگەگرتن لەهێنانی ئاژەڵ لەو پارێزگایانەی کە نەخۆشیی تای خوێنبەربونی تێدا بڵاوبوەتەوە.

وەزارەتی کشتوکاڵ جگە لە دەرکردنی چەند ڕێکارێک بۆ ڕێگری لە پەرەگرتنی ئەو نەخۆشییە، هانی هاوڵاتییان و گۆشتفرۆشانیش دەدات خۆیان بپارێزن و ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×