"حاڵەتەکانی توشبون بەنەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک کەمیکردووە"
  2023-05-20       1306       


بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی رایگەیاند، حاڵەتەکانی توشبون بەنەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک کەمیکردووە، بەڵام ئەمە بەواتای ئەوە نایەت کە نەخۆشییەکە نەماوە.

ئاوێنه‌: د. پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی لەراگەیەندراوێکدا سەبارەت بەحاڵەتەکانی توشبون بەنەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک بڵاویکردۆتەوە، "حاڵەتەکان بەراورد بەپێشو کەمیکردووە، پێشتر رۆژانە لەسەرو ١٠ کەس بەهۆی توشبون بەنەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک لەنەخۆشخانە دەخەوێنران، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە کەمبووەتە بۆ پێنج یان زیاتر".

وتیشی‌، " کەمبونەوەی حاڵەتەکانی توشبون بەو نەخۆشییە بەمانای کۆتاییهاتنی نەخۆشییەکە نایەت".

راشیگەیاندووە:، "ئەو نەخۆشانەی لەنەخۆشخانە دەخەوێنرێن زۆربەیان دوای دوو رۆژ تەندروستیان باش دەبێت و دەگەڕێنەوە ماڵەوە، ئەوانەشی کە تا و سەر ئێشەیان زۆرە زیاتر دەمێننەوە، بە گشتی دوای وەرگرتنی چارەسەر هەموویان بە سەلامەتی دەگەڕێنەوە ماڵەوە".

پشدەر عەبدوڵا ده‌شڵێت، "خۆشبەختانە تائێستا هیچ حاڵەتێکی مردن بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە لە سلێمانی تۆمار نەکراوە".

ئەو پزیشکە هۆکاری کەمبونەوەی حاڵەتەکانی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشکی لەسلێمانی ده‌گه‌ڕێنێته‌وە بۆ خۆپارێزی هاوڵاتیان و گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی بەتایبەتی لەسەرچاوەکانی ئاو، هەروەها تەواو بوونی دەوامی قوتابخانەکان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بۆ دڵنیابون لەهۆکاری بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکە نمونەی پشکنینیان داوەتە رێکخراوی تەندروستی جیهانیی، ئەوانیش دەیبەن بۆ دوبەی بۆ ئەوەی هۆکارەکە ئاشکرا بکرێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×