دژە تیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە، بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆسەر بارەگایەکی یەبەشە لە قەزای شنگال سێ کەس کوژراون. یەبەشەش کوژرانی چەکدارەکانی رەتدەکاتەوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە 23ی ئایاری 2023، دژە تیرۆری کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا بارەگایەکی چەکدارانی یەبەشەی لە گوندی خەلەفی سەر بە قەزای شنگال کردووتە ئامانج.
باسی لەوەشکردووە، بەهۆی بۆردوومانەکەوە سێ چەکدار کوژراون.
هاوکات یەکینەکانی پاراستنی شنگال یەبەشە دەڵێن، لە بۆردوومانەکەدا کەس نەکوژراوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، لە 16ی ئایاری ئەمساڵیشدا دژە تیرۆری کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا بارەگایەکی یەکینەکانی پاراستنی شنگال "یەبەشە"ی لە کۆمەڵگەی خانەسووری سەر بە قەزای شنگال کردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ کەس کوژران، بەڵام بەرپرسێکی یەکینەکانی یەبەشەش رایگەیاند، ئەوەی بۆردوومانکراوە ماڵی هاووڵاتییەکی سڤیلە و دوو کەس بە سووکی بریندار بوون.