هاتووچۆی سلێمانی: تۆماركردنی ٣٨٥ هەزار سەرپێچی، لەماوەی سالێكدا بووە نەك ٢٤ كاتژمێر
  2023-05-23       354       

بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی روونكردنەوەیەكی دەربارەی ئەو ئامارەی بڵاوكراوەتەوە سەبارەت بە كامێراكانی چاودێری خێرایی و ڕایدەگەیەنێت: ئاماری سەرپێچییەكان تەنها لەماوەی ٢٤ كاتژمێردا نەبووە بەڵكو و بە درێژایی تێستی كامێراكان بووە لە ساڵی پارەوە تا ئێستا و هەژمار نەكراوە لەسەر هیچ شۆفێرێك.

ئاوێنە: بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە: وەك بەرچاوڕوونییەك بۆ بەڕێزتان شەوی ڕابردوو ئامارێك بڵاوكراوەیەوە كە گوایە لە ماوەی (٢٤) كاتژمێردا زیاتر لە (٣٨٥.٠٠٠) سێ سەد و هەشتاوپێنج هەزار سەرپێچی تۆماركراوە، وەك تۆماركردنی سەرپێچییەكان ئامارەكە دروستە، بەڵام لەماوەی (٢٤) كاتژمێردا نییە بەڵك و لە سەرەتای دەست بەكاربوونی كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكەوە بووە و بەشێوەی تێست بووە.

ئەوەشی خستەڕوو: هیچ كام لەو سەرپێچییانەی كە تۆمار كراون و دەكرێن لەلایەن كامێراكانی چاودێری خێرایی پۆینت تو پۆینت لە ڕێگای تاسڵووجە - دووكان هەژمار ناكرێت لەسەر هیچ شۆفێرێك (واتە وەك و سزای دارایی نە لەهیچ شۆفێرێك سەندراوەو وە نە دەسەندرێت) چوونكە لە قۆناغی تێستدایە تا ڕێكەوتی 29/05/2023 كە دەكاتە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو سەعات ٠٨:٠٠ ی بەیانی هیچ سزایەك لەسەر هیچ شۆفێرێك هەژمار ناكرێت و لە دوای ئەم ڕێكەوتەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە بە شێوەیەكی كرداری، وە ئەو شیكارییانەی لەهەندێك پەیج و ماڵپەڕ كراون دوورە لە ڕاستییەوە.

وتیشی: ئەو هەڵەیەی كە ڕوویداوە لە پێدانی زانیاری بووە لەلایەن فەرمانبەری بەشی ئاماری كۆمپانیای جێبەجێكاری كامێراكان. واتە ئاماری سەرپێچییەكان تەنها لەماوەی ٢٤ كاتژمێردا نەبووە بەڵك و بە درێژایی تێستی كامێراكان بووە لە ساڵی پارەوە تا ئێستا و هەژمار نەكراوە لەسەر هیچ شۆفێرێك.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×