لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان: غەرامەی کامێراکانی تیژڕەوی زۆرەو داوامان کردوە کەمبکرێتەوە
  2023-05-23       171       

شاخەوان رەئوف بەگ، سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند؛ غەرامەی كامێراكانی سیستمی تیژڕەوی پۆینت تو پۆینت زۆرەو داوامان كردوە كەمبكرێتەوە.

ئاوێنە: شاخەوان رەئوف بەگ، سەرۆکى لیژنەى ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانى کوردستان، بە میدیای رەسمی گۆڕانی راگەیاند"پێویستە غەرامەی سەرپێچی لەگەڵ ژیان و گوزەرانی خەڵك بگونجێت و ئەوەی ئێمە تیبینیمان کردوە، غەرامەی ئەم کامێرایانە، لە غەرامەی کامێرا گەڕۆکەکان زیاترە."

وتیشی: "پێویستە غەرامەی شۆفێران بگونجێت لەگەڵ داهاتی تاک و خێزان و ناکرێت ئەم کارە ببێتە بارگرانی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان و ئەرکی لیژنەکەمانە بەدواداچونی ورد بۆ ئەمە بکەین."

ئاماژەی بەوەشکرد، "غەرامەکانی ئەم سیستمە لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتی وەزارەتی ناوخۆوە بوە بە دیاریکراویش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم و هاتوچۆی پارێزگاکان."

بەوتەی شاخەوان رەئوف بەگ، وەکو لیژنەی ناوخۆ، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ لەسەر خەتن بۆئەوەی غەرامەی سەرپێچی كامێرای پۆینت تو پۆینت كەمبكرێتەوە.

جەختی لەوەشکردەوە کە ئەگەر غەرامەی کامێراکان ببێتە بە بارگرانی بەسەر خەڵكەوە ئەم سیستمە هەڵدەوەشێننەوە.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×