بافڵ تاڵەبانی: سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنی یەكێتی رێگریان لە شكاندنی شكۆی پەرلەمان كرد
  2023-05-23       513       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و فراكسیۆنی یەكێتی كۆبوەوەو پشتیوانی خۆی بۆ دوپاتكردنەوەو رایگەیاند، لە دوایین کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، رێگریان لە کارێکی یاساشکێنی کردو ئیرادەی خەڵکیان سەرخست و رێگرییان لە شکاندنی شکۆی پەرلەمان كرد.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەڤاڵان رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی و ئاسۆ مامەند، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال لە دەباشان پێشوازیان لە سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان کرد.

بەپێی راگەیەندراوەكە، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەستپێکی کۆبونەوەکەدا "ستایشی رۆڵی مێژویی و ئازایانەی فراکسیۆنی یەکێتی کردو پشتیوانی تەواوی یەکێتی بۆ سەرۆکی پەرلەمان دوپاتکردەوە کە لە دوایین کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، رێگریان لە کارێکی یاساشکێنی کردو ئیرادەی خەڵکیان سەرخست و رێگرییان لە شکاندنی شکۆی پەرلەمان كرد."

وتیشی، "هەڵوێستی دوێنێتان بۆ سەرخستنی ئەزمونی دیموکراسیی هەرێم مایەی شانازیی یەکێتی، دڵسۆزانی گەل و دۆستانی دیموکراسی بو کە دەیانەوێت هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت و یاری بە چارەنوس و دەنگی خەڵکەوە نەکرێت."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، بافڵ تاڵەبانی راشیگەیاند، "لەسەرەتای دروستبونی کێشە سیاسی و یاساییەکانەوە سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن، یەکێتی بە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە کاری بۆ سازان و رێککەوتنی نیشتمانی کردوە و ھەنگاوی پێویست نراوە لەنێوان هەمو لایەنە سیاسییەکاندا کە یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوەو ھاوتەریب کۆمسیۆنیش کارابکرێتەوە. دور لە خۆسەپێنی خواستی کۆمەڵانی خەڵکی تێدا جێبەجێ بکرێت و کورسی کۆتاکان بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنوسسازەکان بەکارنەهێرێت وەک ئەوەی دوێنێ بینیمان و بەداخەوە ئەوەی نەدەبو روبدات، رویدا."

‏‎لەبارەی نوێنەرایەتی پێکهاتەکان و هەڵبژاردنی چارەنوسی خۆیانەوە بافڵ تاڵەبانی وتی، "ئێمە لە سەرەتاوە داوامانکردوە پێکهاتەکان نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان بکەن و لە ململانێ سیاسی و حزبییەکاندا بەکارنەهێنرێن."

‏‎لەبەشێکی تری وتەکانیدا بافڵ تاڵەبانی، داوای لە پەرلەمانتارانی یەكێتی کرد، "وەک هەمیشە پشتبەستو بە یاسا لە سەنگەری بەرگری لە مافەکانی خەڵکدا بن و رێگە نەدەن دامەزراوەی شەرعی و یاساییەکان بۆ بەرژەوەندی حزبی بەکاربهێنن و شکۆی دامەزراوە نیشتمانییەکان لەکەدار بکرێت."

‏‎لەکۆبونەوەکەدا بافڵ "گەشبینی خۆشی نیشاندا کە بە پشتیوانیی دڵسۆزانی گەل و وڵات ئەم دۆخەش تێدەپەڕێنین و داوایکرد، هەمولایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناغە هەستیارەدا بکەن. وتیشی، دەبێت بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان ئەرکی لەپێشینەمان بێت."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، ‏‎سەرۆكی یەكێتی وتیشی، "سەرباری ئەو كێشەیەی لە پەرلەمان رویدا، یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لەسەر باوەڕە نەگۆڕەكانی خۆی سورەو دەرگای بۆ هەمو گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنێك كراوەیە كە ئامانج لێی چارەسەركردنی كێشەكان و بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد بێت لە وادەی خۆیدا."

 

 

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×