رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی: دەنگمان بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن دا تا هەرێمی کوردستان سەرەوری لەدەستنەدات
  2023-05-23       572       

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی دەڵێت، فراکسیۆنی حیزبەکەی لە پەرلەمانی کوردستان دەنگیان بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم داوە سەرەڕای ئەوەی "تا سەر ئێسقان" گلەییان لە کۆمیسیۆن هەیە.

ئاوێنە: عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "گەر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم کارا نەکرایەتەوە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێمی دەکرد. هەرێم ئەو کەمە سەروەرییەشی لەدەست دەدا کە ئێستا هەیەتی."

دوێنێ دوشەممە، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆبویەوە و بەهۆی پێداگری فراکسیۆنی پارتی لەسەر باسکردنی پرسی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، توندوتیژی و بەیەکدادان لەنێوان چەند ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی دروستبو.

پارتی جەخت لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بە دەنگی (58) پەرلەمانتار دەکاتەوە، لە کاتێکدا فراکسیۆنی یەکێتی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی هەڵگرتوە و کارا کردنەوەی کۆمیسیۆن بە پێچەوانەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان وەسفدەکات.

فراکسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی کە لەدو پەرلەمانتار پێکهاتون، بەشێکبون لەو 58 پەرلەمانتارەی پارتی دەڵێت، دەنگیان بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم داوە.

رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی وتی"وەکچۆن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم حزبیە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقیش حزبییە. باشترە کۆمیسیۆنی هەرێم سەرپەرشتی هەڵبژاردن بکات نەک ئەوەی عێراق. هەرچۆن بێت کەسوکاری یەکترین و یەکتری دەناسین، لەوانەیە ئەوانەی عێراق هەر نەناسین. ئەو بۆچونە هەڵەیە بەباشی دەزانێت کۆمیسیۆنی عێراق بێت سەرپەرشتی هەڵبژاردن بکات."

هاوکات لەگەڵ ئەو کێشمەکێشەی لەنێوان یەکێتی و پارتیدا لەسەر کارا کردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم دروستبو، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بە نوسراوی فەرمی دادگای فیدراڵی ئاگادار کردەوە لەوەی دەتوانێت سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بکات.

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وتی، "با حەساسییەت وانەکات دام و دەزگاکانمان تێکبدەین و کۆمیسیۆنی هەرێم بێ ڕۆڵ بکەین و دایخەین. ئێمە تا سەر ئێسقان گلەییمان لە کۆمیسیۆنی هەرێم هەیە، بەڵام دژی ئەوەین کۆمیسیۆنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێم بکات."

ئەو وتیشی، "کۆمیسیۆنی هەرێم لە نوێنەری پێنج حزبەکە پێکهاتوە و نوێنەری ئێمەی تێدا نییە. کۆمیسیۆن هی پێنج حزبەکەیە، بەڵام ئێمە مەبدەئییەن بڕوامان بەکاراکردنەوەی کۆمیسیۆن هەبوە."

کۆمسیۆن هەڵبژارنەکانی هەرێم پێکهاتوە لە نۆ ئەندام بەم شێوەیە دابەشکراوە: سێ ئەندامی پارتی، دوی یەکێتی ، دوی گۆڕان، یەکی یەکگرتو، و یەکی کۆمەڵ.

رابەری گشتی بزوتنەوە وتی، "ئەو خەڵکە داوای هەڵبژاردن دەکات، گەر کۆمیسیۆن کارا نەکرێتەوە چۆن هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت."

هەروەها وتیشی"خەڵک پێی سەیرە ئێمە نوێنەرمان لەکۆمیسیۆن نییەو دەنگمان پێداوە، ئێمە حەز دەکەین قەوارەی هەرێم سەرکەوتو بێت و دڵسۆزین بۆ خەڵک و خاکەکەمان."

دوای کشانەوەی ئەندامانی یەکگرتوی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان کە وەکو ناڕەزایەتییەک بەرانبەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان کشانەوە، دو پەرلەمانتاری بزوتنەوەی ئیسلامی جێگەی پەرلەمانتارە دەست لەکارکێشاوەکانی یەکگرتویان گرتەوە، بەو پێیەی لە هەڵبژاردنی پێشوی پەرلەمانی کوردستان دا بەیەک لیست بەشدارییان کردبو.

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی وتی، "یەکگرتوی ئیسلامی ئاگادارییان کردینەوە لە کشانەوەیان لەپەرلەمان بە ویستی خۆیان، ئێمە پێمانخۆش نەبو گۆڕەپانی پەرلەمان چۆڵ بکرێت و چوینە پەرلەمان، بۆیە هیچ گلەییەکیان نەبو."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×