حکومەتی هەرێم: لەپێناو بەرهەمی ناوخۆ، هاوردەکردنی خەیار قەدەغە کراوە
  2023-05-24       237       

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، یەکێک لە ئامانجەکانی بەبازاڕکردنی بەرهەمی جوتیارانە، بۆ ئەو مەبەستەش باجی لەسەر هەناردەی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ دەرەوەی وڵات لا بردوە، مۆڵەتی دامەزراندنی بە چەندین کارگەی ناوخۆییدا کە دوای پڕکردنەوەی پێویستیی ناوخۆ، بەرهەمە خۆماڵییەکان بە ناو و ئاڵای کوردستانەوە بنێرنە دەرەوە.

ئاوێنە: میدیای فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردوە، بۆ پشتگیریی جوتیاران و ساغکردنەوە و بایەخدان بە بەرهەمی ناوخۆیی، لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هاوردەى خەیار لە دەرەوە قەدەغە کراوە، ئێستا تەنها لە گوندێکی سەر بە شارۆچکەی ئاکرێ، ڕۆژانە نزیکەی شەش تۆن خەیار بەرهەم دەهێنرێت.

ئاماژەی بەوەشکردوە، جگە لەوەی هەرێمی کوردستان پێداویستیی ناوخۆی پڕدەکاتەوە، هاوکات هەناردەی ناوەڕاست و خواروی عێراق دەکرێت و کار بۆ ئەوە دەکرێت لە ئایندەشدا هەناردەی دەرەوەی وڵات بکرێت.

یوسف بەگ عەبدوڵا، جوتیارێکی گوندی سپیمالە، کە دەکەوێتە سنوری شارۆچکەی ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک، بیست ساڵە جوتیارە و دەڵێت، "ڕۆژانە نزیکەی شەش تۆن خەیار بەرهەممان هەیە و بەرهەمەکانمان بۆ هەمو کوردستان و عێراقی دەنێرین و دەتوانین هەناردەی دەرەوەشی بکەین".

ئەوەشی خستەڕو، "نزیکەى هەزار خانوی پلاستیکی لە سپیمال هەیە، ئێمە لە مانگی دوەوە خەیار دەچێنین و لە مانگی چوار دەیڕنینەوە". هەروەها دەڵێت، "ڕێگەوبانی باش دروست کراون، ئەمەش هاتوچۆی بۆ ئاسان کردوین؛ هاوردەى خەیار قەدەغە کراوە و ئەوەش بۆ فرۆشی خەیاری خۆماڵی زۆر باشە".


بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەت، تەنها لە گوندی سپیمال، زیاتر لە 200 ماڵ خەریکی خەیار چاندنن و ئەوەش جگە لە ڕەخساندنی هەلیکار، بوەتە هۆى ئەوەى هەزاران کەس لەمکارە و لە گواستنەوە و فرۆشتنی بەرهەمەکە سودمەند بن.

جگە لە هەناردەکردنی هەنار و برنج و سماق و تەحین، لە ئێستادا هەناردەکردنی بەرهەمەکانی ترێ و سێو و هەنگوین، وەک سێ بەرهەمی دیکەى خۆماڵی، بۆ بازاڕی وڵاتان دەستنیشان کراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×