کوژرانی "ژنێکی 18 ساڵی بەزۆر بەشودراو" کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە
  2023-05-31       769       

ژنێکی گەنج بە ناوی پەرەستو شەهبازی، تەمەن 18 ساڵ و دانیشتوی شاری دێولانی رۆژهەڵاتی كوردستان کە بە منداڵی و بە زۆرەملێ بەشو دراوە، لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرا، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لێککەوتەوە

ئاوێنە: رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئێوارەی ڕۆژی دوشەممە، ژنێکی گەنج بە ناوی پەرەستو شەهبازی و تەمەن 18 ساڵ، لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە ناوی پەیام شەریفی تەمەن 29 ساڵ، بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراوە.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، پەرەستو شەهبازی کە هاوکات دایکی منداڵێکی تەمەن 18 مانگ بوە، سەرەتا لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە هەڵواسراوە و دواتریش بە شێوەیەکی دڕندانە بە چەقۆ کوژراوە.

ئەو ژنە گەنجە شەش ساڵ لەمەوبەر کە تەمەنی تەنیا 12 ساڵ بوە، بە ناچاری ژیانی هاوبەشی لەگەڵ پەیام شەریفی پێکهێناوە کە توشبوی ماددە هۆشبەرەکانە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، وێڕای ئەوەی کە دایکی پەرەستو شەهبازی خۆی بوەتە قوربانی تەڵاق، دایکی جارێکی دیکە هاوسەرگیری کردوەتەوە، لە تەمەنی 12 ساڵیدا بە زۆرەملێ لەلایەن زڕباوکیەوە ناچارکراوە کە ژیانی هاوبەش لەگەڵ پەیام پێکبهێنێت، دایکی پەرەستوش چەند ساڵێک لەمەوبەر کۆچی دواییی کرد.

رێکخراوی هەنگاو سەرکۆنەی ئەو تاوانەی کردوە و داواشیکردوە، رێکاری توندی یاسایی بەرامبەر بە تۆمەتباری سەرەکی کە هاوسەری پەرستو شەهبازیە بگیرێتەبەر.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×