داوای پەسەند كردنی بودجە دەكرێت پێش دەستپێكردنی پشووی پەرلەمان
  2023-05-31       277       

سەرۆكی بزووتنەوەی بەرهەمهێنەرانی نیشتمانی پەرلەمانی عێراق بڵاوی كردەوە، داوای لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، پێش كۆتایی هاتنی خولی یاسادانان هەفتەی داهاتوو دانیشتنێك بۆ پەسەند كردنی یاسای بودجە ئەنجام بدات.

ئاوێنه‌: ئیبتسام هیلالی سەرۆكی بزووتنەوەی بەرهەمهێنەرانی نیشتمانی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە دواكەوتی پرۆژەی یاسای بودجە و نزیك بوونەوە لە پشووی وەرزی یاسادانان داوایەكی پێشكەش بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كرد.

ئیبتسام هیلالی لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت كۆبوونەوەیەكی بۆ تاوتوێ كردنی یاسای بودجەی گشتی ئەنجامداوە، هەروەها ئەنجامی كۆبوونەوەكە ئەرێنی بووە، ئەمەش هۆكارە لە پەسەند كردنی یاسای بودجەی پێش دەستپێكردنی پێشووەكانی پەرلەمان.

ئاماژەی بەوەش كرد، یەكەم خولی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق لە كۆتایی هەفتەی داهاتوو كۆتایی دێت، هەروەها سەرۆكایەتی پەرلەمانیش دەبێت وادەیەك دیاری بكات، بۆ پەسەندكردنی یاسای بودجە لە ڕۆژی شەممە یان دووشەممەی هەفتەی داهاتوو.

ڕوونیشی كردوەتەوە، زۆرێك لە چین و توێژەكانی عێراق بەتایبەتی فەرمانبەران و ئەوانەی تازە دامەزراون، بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی پەسەندكردنی بودجە دەكەن، لە ئەگەری پەسەند نەكردنیشی لە هەفتەی داهاتوودا، دەبێت سەرۆكایەتی پەرلەمان ماوەی یاسادانان بۆ مانگێكی تر درێژ بكاتەوە، تا یاسای بودجە پەسەند دەكرێت.

هەفتەی پێشوو لیژنەی دارایی پەرەلەمانی عێراق سەرجەم كارەكانی پرۆژە یاسای بودجەی تەواو كرد، بەڵام بە هۆی ناڕازی بوونی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە دەستكاری كردنی هەندێك بڕگەی تایبەت بە هەرێمی كوردستان كێشە دروست بووە، هەروەها بڕیاردرا دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە یۆ كاتێكی نادیار دوابخرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×