په‌رله‌مان كاتى په‌سه‌ندكردنى بودجه‌ى دیاريكرد
  2023-06-06       526       

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا، رۆژی پێنجشەممە 8ی ئەم مانگە، دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 بدرێت، تاوەكو ئێستاش ناڕەزایەتیەكان سەبارەت بە ماددەكانی 13 و 14ی پەیوەست بەپشكی هەرێم چارەسەر نەكراون.

ئاوێنه‌: ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خشتەی كاری كۆبونەوەی رۆژی پێنجشەممەی بڵاوكردەوە و بەگوێرەی خشتەكەش، كاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆ دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵەكانی دارایی 2023 و 2024 و 2025 دەدرێت كە لەلایەن لیژنەی دارایی، لیژنەی پلاندانانیی ستراتیژی و خزمەتی فیدڕاڵیەوە راپۆرتی لەبارەیەوە ئامادەكراوە و لە 67 ماددە پێكدێت.

لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر ئەو گۆڕانکاریانەداوە کە لە ماددەکانی 13 و 14ی ڕەشنوسی یاسای بودجە کردویەتی، کە پەیوەندییان بە پشکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە لە بودجەی عێراقدا.

دەنگدانەکە بەشێکی زۆر لە ئەندامانی لیژنەی دارایی لە چەند بلۆکی پەرلەمانی توڕەکرد، دیارترینیان پارتی دیموکراتی کوردستان بو، کە پێیانوابو ئەو هەموارکردنانە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێرە.

پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان دوپاتی کردبوەوە، کە گۆڕانکارییەکان "نادەستورین و بە ڕونی پێچەوانەی ئەو ڕێککەوتنەن کە واژۆ کراون" لە نێوان هەولێر و بەغدا.

لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "گۆڕانکارییەکان پێشێلکردنی بنەماکانی ڕێککەوتنی حکومەتی ئیدارەی دەوڵەت تیادایە و پێچەوانەی جەوهەری مەنهەجی وەزارییە کە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر داوە".

مانگی ئازاری ڕابردو ئەنجومەنی وەزیران گەورەترین بودجەی دارایی لە مێژوی وڵاتدا پەسەندکرد، کە بڕی 197 ترلیۆن و 828 ملیار دیناری عێراقی (نزیکەی 152.2 ملیار دۆلار)ی تێپەڕاند.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×