شرۆڤە: ویلایەتی نوێی ئەردۆغان چەند رەنگدانەوەیەكی دەبێت لەسەر پرسە عێراقییەكان
  2023-06-07       490       

شرۆڤەیەكی سیاسی باس لەوە دەكات لە ویلایەتی نوێی ئەردۆغاندا دو بەرپرسی كابینەكە، لە دۆسیەكانی پەیوەست بە عێراق ڕۆڵی سەرەكی دەبینن: "ئیبراهیم كاڵن"، سەرۆكی نوێی دەزگای هەواڵگری و "هاكان فیدان"، وەزیری دەرەوە، كە پێشتر سەرۆكی "میت" بوە.

ئاوێنە: بە گوێرەی شرۆڤەكە كە توێژەر "یاسین تەها" لە "خانەی هزریی كوردستان" بڵاوی كردوەتەوە، هەردو بەرپرسە نوێیەكەی كابینەی ئەردۆغان لە هەواڵگری و دەرەوە پەیوەندی و ئاگادارییان لە ناوخۆی عێراقدا هەیە، پاشخانی فیدان لە كاركردنی لە سەرۆكایەتیی "میت"دا بوە؛ هەروەها بە "پیاوی سێبەر" و "سندوقی ڕەشی ئەردۆغان" و كەسی متمانەپێكراوی سەرۆككۆماری توركیا ئاماژەی بۆ دەكرێت. لە ماوەی 13 ساڵیشدا لە زۆر دۆسیەدا كاری كردوە كە پلاندانان و جێبەجێكردنیشی لەخۆ گرتوە لە یەك كاتدا. هەرچی "ئیبراهیم كاڵن"یشـە بە یەکێک لە دەستەبژێرە سیاسییەكانی حزبی داد و گەشەپێدان دادەنرێت و یەکێک لە ڕاوێژکارە دیارەکانی ئەردۆغانە لە داڕشتنی سیاسەتەکانی دەرەوەی تورکیا، بەتایبەت لە هەردو دۆسیەی ئەمریكا و ئەوروپا؛ سەرپەرشتیی دۆسیەی سوریاشی كردوە لەگەڵ نوێنەری تایبەتی ئەمریکا، جەیمس جێفری و پشتیوانیی ئەمریکا و ڕۆژاوای بۆ توركیا لە دۆسیەی داعشدا مسۆگەر كردوە.

هەروەها باس لەوەش دەكات لە عێراق جگە لە توركمانی سوننە و باڵی "بەرەی توركمانی"، لەناو عەرەبی سوننەیشدا جەمسەرەكانی حەلبوسی و خەمیس خەنجەر، پەیوەندیی بەهێز و دۆستایەتیی زۆریان هەیە لەگەڵ ئەردۆغان، جیاواز لە توركمانی شیعە یان ئەو عەرەبە سوننانەی لە باڵە ئێرانییەكانەوە نزیكن یان ناوچەیی و لۆكاڵن. سەرباری ئەمەیش، خوێندنەوەیەك هەیە كە هەندێك لە سیاسەتوانانی عێراق مانەوەی ئەردۆغانیان پێ باشتر بوە لە گۆڕینی بە كلیچدار ئۆغڵۆ، لەسەر بنەمای ئەوەی ناسراو و تاقیكراوە، باشتر لەوەی كە دێ و نەناسراوە.

بە پێی شرۆڤەكە لە ناوەندی شیعیدا- كە ئێستا چەقی بڕیاری عێراقن- بە شێوازێكی ساردوسڕ كارلێك لەگەڵ دەرچونەوەی ئەردۆغان كراوە، بەو پێیەی لە خەیاڵدانی شیعەدا ناوبراو گوزارشت لە دیاردەی "عوسمانیی نوێ" دەكات؛ هەروەها سیمبولێكی ئیسلامییە سوننەكان و هۆكارێكی بەهێزكردنی جەمسەری توركیایە لە بەرامبەر جەمسەری ئێران. ڕەنگە هەر بەم هۆیەیشەوە بێت هیچ بەرپرسێكی باڵای شیعەی عێراق نەیانویست بچنە ژێر باری تەریقبونەوە (ئیحراجی)ی بەشداریكردن لە مەراسیمی سوێندخواردنی ئەردۆغان بۆ خولی سێیەم؛ بۆ ئەو مەبەستەیش "فوئاد حسێن"ی كورد و وەزیری دەرەوەیان ڕاسپارد بۆ بەشداریكردن لەو بۆنەیە، لە كاتێكدا لەناو 78 سەرۆكشاندی بەشدار، 21 سەرۆكدەوڵەت و 13 سەرۆكوەزیران و 12 سەرۆكپەرلەمان هەبون كەچی زۆر لەوانەیش وەك عێراق دراوسێی توركیا نین و دۆسیەی هاوبەش و تێكچڕژاویان لەگەڵیدا نییە.

هەروەها ئاماژەی بەوەش كردوە ئەم ڕوانینە پڕ لە سڵەمینەوەیەش لە عێراقەوە بۆ ئەردۆغان لە ئێرانیش تاڕادەی زۆربەهەمان شێوەیە، لە "تاران"یش بۆچونەكان لەسەر ئەوە بون ڕاستە ئەردۆغان هەماهەنگیی هەیە لەگەڵ ئێران و لە دۆسیەی گەمارۆكان بە شێوازی جیاواز لە خۆدزینەوە لە گەمارۆكان یارمەتیی ئێران دەدات، بەڵام لە دورمەودادا مەترسییەكی ستراتیژییە و ئەگەر لە هەڵبژاردن بكەوتایە، ئەوە مەترسیی ئاییندەیی و دورمەودا كەمتر دەبو لەسەر ئێران.

سەباری ئەوانەش شرۆڤەكە ئەوەش دەخاتەڕو مامەڵەكردنی تورکیا و عێراق لەگەڵ یەكتر سەرباری لەمپەرەكان، ناچاری دەبێت، چونکە جگە لە سنور و دۆسیە هاوبەشەكانی ئاسایش و سامانی ئاو، سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەرفەتێکی وای ڕەخساندوە كە پشتبەستنیان بە یەکتر زیاد بکەن. لەم بەینەیشدا پابەندبونی ئەنقەرە بە سزاکانی پەیوەست بە نەوتەوە، عێراق دەكاتە جێگرەوەی نزیك و دەروازەیەکی گەورەی قەرەبوكردنەوە؛ بۆ عێراقیش توركیا تاقە دەرچەی وشكانییە بۆ گەیشتن بە ئەوروپا و سەرچاوەیەكی گەورەی دابینكردنی كەرەستە و پێداویستییەكانی بازاڕی عێراقە.

شرۆڤەكە باس لەوەش دەكات توركیا 11 بنكەی سەربازیی سەرەكی و 19 سەربازگەی بنەڕەتیی لە خاكی هەرێمی كوردستاندا هەیە، كە بەشی باكوری عێراقە. هەندێك ڕاپۆرتی تر ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئێستادا نزیکەی 19 بنکەی تورکیا لە عێراق هەن کە 15 بنکەیان سەربازین و چوارەکەی تریش بنکەی هەواڵگرین. لە سەرجەم ئەمانەیشدا نزیکەی سێ هەزار  سەربازی توركی هەن كە لە 100 كم لە قوڵاییی خاكی عێراقدا هاتوچۆ دەكەن. جگە لە سەربازەكانیش ژمارەیەكی زۆر دەزگەی هەواڵگرییان لەگەڵدایە (میت).  ئەم پەلكێشانەی توركیا بۆ ناو خاكی عێراق بەزۆری لە سەردەمی ئەردۆغاندا قوڵ بوەتەوە و پەلی هاوێشتوە. بە بۆچونی لایەنە شیعەكانیش، سەرباری ئەوەی ئەم هێزە زەبەلاحە لەژێر ناوی بەرەنگاربونەوەی PKK كار دەكەن، بەڵام ئەركی تری ئەوان كەڵكوەرگرتنە لەو هێزە عێراقی و توركمانییانەی نزیكن لە توركیا، هەروەها پێیان وایە ئەم هێزانە بەشێكن لەو سێبەرەی، توركیا لە عێراق بۆ خۆی دروست كردوە.

هەروەها باس لەوەش دەكات ئەردۆغان كەڵكی زۆری لە جەنگی داعش وەرگرت (2014_2018) و، بەم هۆیەوە ئەنقەرە بەشداریی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا کرد. لێرەیشدا هێزەکانی تورکیاش ئەرکی مەشقپێکردنی هێزی پێشمەرگە و مەشقپێکردنی هێزەکانی "حەشدی نیشتمانی"یان پێ سپێردرا کە لەلایەن پارێزگاری پێشوی موسڵ، "ئەسیل نوجێفی"یەوە سەرپەرشتی دەکران، بەم جۆرەیش حكومەتی ئەردۆغان جۆرێك لە باڵانسی چنگ كەوت بەرامبەر هەڵكشانی میلیشیا و گروپ و دەستە شیعەكان بەرەو موسڵ و تەلەعفەر لەسەر سنوری توركیا؛ بەم هۆیەیشەوە، هاتنی توركیا لە جەنگی داعش و بڵاوبونەوەی پێشوتری لە سنورەكان لە جەنگی پارتی كرێكارانەوە، گۆڕا بۆ بەڕێوەبردنی ململانێی ژێرپەردە لەگەڵ ئێران و، لە ئیستادا توركیای ئەردۆغان ئەم ئامادەبونە سەربازییە وەک بەربەستێک دەبینێت کە ڕێگری دەكات لە كۆنترۆڵكردنی سنورەكانی لەلایەن هێزە پڕۆئێرانییەكان.

بە ڕای شرۆڤەكە لە ویلایەتی نوێی ئەردۆغاندا جگە لە ئاسایش، دۆسیەكانی ئاوی دیجلە و فورات و رێگای پەرەپێدان "كەناڵی وشك" و هەناردەكردنەوەی نەوت لە ڕیزی پێشەوەی گرنگی دانەكانی پەیوەندییە هاوبەشەكانی عێراق و توركیا دەبن و هەریەك لەمانەش ئاڵۆزی و وردەكاریی خۆی هەیە و توركیا وەك كارت بەكاریان دەهێنێت بۆ دەستخستنی دەسكەوت لە عێراق.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئێران لە رێگەی روسیاوە: ئیسرائیل نامانەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بکەین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×