بڕیارە كارگەیەكی دروستكردنی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێت
  2023-06-07       478       

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی كوردستان ئاشكرای كرد، لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی ئەڵمانی گفتوگۆ دەستی پێ كردووە، بۆ ئەوەی كارگەیەكی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێت و وتی: "ئەو بابەتە جێگەی بایەخی زۆری دەستەی وەبەرهێنانە و سەرۆكی حكوومەتیش زۆر پشتگیریی ئەم بابەتانە دەكات."

ئاوێنە: د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی کوردستان، بە میدیایەکی ڕاگەیاند: "لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی ئەڵمانی گفتوگۆمان كردووە و لەوە دەكۆڵدریتەوە، كە كارگەی بەستنی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێت."

سەبارەت بە وردەكاریی پڕۆژەكە، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان گوتی، كە دەیانەوێت كارگەی بەستنی ئۆتۆمبێل دابمەزرێنن و ڕەوانەی بازاڕەكانی بكەن، هەروەها دەیانەوێت هەرێمی کوردستان سەنتەری ئەو کۆمپانیایانە بێت دەیانەوێت ئەو کارە بکەن، چونکە ئەوان پارچە هاوردە دەکەن و لە ڕێگەی کارگەکەوە، کە ئەڵمانییە، دەیبەستن و دەبنە ئۆتۆمبێلی جۆری ئەڵمانی."

جەختی كردەوە، ئەو پڕۆژیە هەنگاوێکی گرنگە و سوودی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت و دەرفەتی کار زیاد دەکات و پیشەسازییش بەهێز دەكات، گوتیشی: "ئەو بابەتە جێگەی بایەخی زۆری دەستەی وەبەرهێنانە و سەرۆكی حكوومەتیش زۆر پشتگیریی ئەم بابەتانە دەكات، هەركات گەیشتینە ئەنجامی كۆتایی، ئەوە بە رای گشتی رایدەگەیەنین."

محەمەد شوكری، دووپاتی كردەوە، دەستەی وەبەرهێنان بە پڕۆژەكە رازی بووە و ئامادەیە زەوییان بۆ دابین بکات و ئاسانکاریی تەواویان بۆ بکات و پاڵپشتیشیان بكات.

چەندین كۆمپانیای جیهانی لە بواری ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان لقیان هەیە، بەڵام تاوەكوو ئێستا هیچ كارگەیەكی تایبەتی ئۆتۆمبێل و بەستنی پارچەكانی ئۆتۆمبێل نییە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×