سەرۆكی لیژنەی دارایی: هێشتا ماددەكانی تایبەت بە پشكی هەرێم جێی ناكۆكین
  2023-06-09       334       

سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هێشتا ناكۆكییەكان لەبارەی هەردو ماددەی 13 و 14ی بودجە كە تایبەتن بە پشكی هەرێمی كوردستان، یەكلانەكراونەتەوەو ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمانیش بۆ دەنگدان لەسەر بودجە، گرێدراوە بە یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان.

ئاوێنە: عەتوانی عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی رەسمی هەواڵی عێراق، رایگەیاند"هەندێك لە ماددەكانی بودجە جێی ناكۆكین و بۆ چارەسەركردنیان سەركردە سیاسییەكان كۆدەبنەوە."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "هەندێك ماددەی جێی ناكۆكی لەبارەی مافەكانی نێوخۆی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانییەوە هەن، هەندێك نادادپەروەری هەیە وەك ئەوەی پارێزگای سلێمانی شایستەی خۆی وەرنەگرتوە."

وتوشیەتی، حكومەتی فیدراڵ پابەندە بەوەی كە دادپەروەر بێت لە دابەشكردنی سامانەكان بەسەر پارێزگاكاندا. جەختیشی كردۆتەوە كە هەندێك ماددە هەن لەنێو بودجە پێویست نین و دەكرێت لاببرێن.

عەتوانی عەتوانی وتوشیەتی، هێشتا ناكۆكییەكان لەبارەی هەردو ماددەی 13 و ماددەی 14ی بودجە بەردەوامن و گفتوگۆی نێوان سەركردە سیاسییەكانیش بەردەوامن و لە حاڵەتی یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكاندا، دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام دەدرێت و بودجە تێدەپەڕێنرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×