فەرید زامدار كۆچی دوایی كرد
  2019-07-22       1940       
شه‌وی رابردوو نوسه‌رو شاعیری دیاری كورد فه‌رید زامدار، له‌ ته‌مه‌نی 67 ساڵیدا به‌هۆی نه‌خۆشیه‌وه‌ كۆچی دوایی كرد.

ئاوێنه‌: هه‌ڵگورد جوندیانی، كه‌سی نزیكی فه‌رید زامدار هه‌واڵی كۆچی دوایی ئه‌و شاعیرو نوسه‌ره‌ی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و نوسیویه‌تی "شەوی رابردوو دڵە جوان و ناسکەکەی فەرید زامداری نووسەر و شاعیر دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ  نەخۆشیدا، لەتەمەنی 67 ساڵی لەلێدان کەوت و كۆچی دوایی كرد".

جوندیانی ئه‌وه‌شی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌: "فەرید زامدار، جگە لەوەی هاوسەری (بێریوان)ی خوشکمان بوو لەهەمان کاتدا بۆ ماوەی پەنجا ساڵیشە وەک هاوڕێ و ئەندامێکی خۆشەویستی بنەماڵەکەمان بوو".

ئه‌وه‌شی زیاد كردووه‌: "زامدار، هەموو ژیانی بۆ خوێندنەوەو نووسین رەخساندبوو، جگە لەنووسینەکانی چەندین دیوانی شیعری هەر لەشەستەکانی سەدەی رابردووەوە تا ئێستا بەچاپ گەیاندبوو لەوانەش (هەوری برووسکەی مەبەستێک، ژوانی سێبەر، بێ ناونیشان و چەندینیتر)".

فەرید زامدار، ساڵی 1952 لەشاری هەولێر لەدایکبووە، لەماوەی ساڵانی 2004 بۆ 2006 سەرۆکی ئۆفیسی سلێمانی یەکێتی رۆژنامەنوسانی کوردستان بوە، ئەندامی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەندامی پێشوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی و راوێژکاری جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوە. لەساڵی 2017 دەستلەکارکێشانەوەی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان راگەیاند.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×