2023-07-14   2962     
نوسینی: شوان عەبدوڵڵا حەمەد
هەندێک «نووسەر و وەرگێڕ» ی کورد ناتوانن بنووسن و زمانی نووسینیان پڕ لە هەڵەی ڕێزمانی، ڕێنووسی، خاڵبەندی و هەزار شتی ترە. کەچی بیانووەکەی دەخەنە ملی ئێدیتەر و هەڵەچن و چاوپێداخشێنەرەکانیان. ئەو-لەناو دوو کەوانەدا، نووسەر یاخود وەرگێڕانە-ئاخر ناکرێت بەوانە بوترێت نووسەر و وەرگێڕ، کارەسات دەخولقێنن. یەکەم ڕێسای نووسین و بەنووسەربوون ئەوەیە کە مرۆڤەکە بتوانێت بەو زمانەی پێی دەنووسێت، بەشێوەیەکی ستاندار بنووسێت. واتا لانیکەم شارەزای ڕێزمان، ڕێنووس، خاڵبەندی و ..هتد. بێت. لە هەموو دونیادا نەمبیستووە کەسێکی تر کارەکە بۆ نووسەر تەواو بکات. بەڵێ، ئێدیتەر، هەڵەچن، چاوپێداخشێنەرەوە هەیە. ئەم کەسانە وەکوو دووچاوی تری ساغ و هۆشیار بابەتەکە دەخوێننەوە، نەکا نووسەر یاخود وەرگێڕ هەڵەیەکی بەسەردا تێپەڕبووبێت؛ کێشەیەکی ڕستەسازی، وشەسازی، خاڵبەندی یاخود واتا هەبێت، ئیتر نووسەر و وەرگێڕی لێ ئاگادار دەکەنەوە. ئەگینا نووسین و وەرگێڕان دواجار ئەرکی سەرشانی نووسەر و وەرگێڕ خۆیەتی. کاکە، دادە کە تۆ سەرەتاترین بنەماکانی ئەلفوبێی کوردی نازانیت، ئیتر چۆن خۆت بەنووسەر یاخود وەرگێڕ دەزانیت؟
من تا پۆلی ١٢ بە زمانی کوردی خوێندوومە، هەڵبەت بەو باردودۆخەشەوە کە هەمووتان دەزانن-واتا مامۆستاکانیش زمانەکە بەباشی نازانن. ئەم ماوەیە تەماشایەکی کتێبی زیندەوەرزانی پۆلی ١٢م کرد، دونیایەک هەڵەی ڕێزمانی و خاڵبەندی و ڕێنووسم تێدا دۆزییەوە. هەڵبەت بەم نەشارەزاییەی خۆیشمەوە لە زمانی کوردیدا.
ڕەنگە قسەکانم کەمێک تووندبن، بەڵام ناچارم، چونکە تا کوونەلووتم هاتووە. کاکە، دادە، کە نازانن بنووسن، بۆ دەنووسن؟ من لەدوای ئامادەییەوە لە ساڵی ١٩٩٦ تاوەکوو ساڵی ٢٠٢٠ یەک وشەم بە کوردی نەنووسیبوو و نەخوێندبووەوە. واتا ٢٤ ساڵ زمانی کوردی، جگە لە قسەوباسی ڕۆژانەم، بەکارنەهێنا، بەڵام بە سێ ساڵ کەمتریش، کاتێک خووم دایەوە نووسین و خوێندنەوەی کوردی، توانیم بەسەر زۆرینەی تەنگوچەڵەمەکانمدا زاڵ ببم و لانیکەم بە زمانێک بنووسم کە دەروبەر لێم تێبگەن. ئاخر هێشتاش هەندێک کێشەم ماوە چارەسەریان بکەم، بەڵام نەوەستاوم و ڕۆژانە سەرقاڵی خۆفێرکردنی زمانی شیرینی کوردیم. زۆرشت هەن، لە زمانە ئینگلیزییەکەوە وەریدەگرم و لە کوردییەکەدا جێبەجێی دەکەم. بۆ نموونە بابەتی خاڵبەندی؛ من هەرزوو لەزمانی ئینگلیزیدا خاڵبەندیم (punctuation) کە خۆی لە نووسیندا بابەتێکی ئێجگار گرنگە، کۆنتڕۆل کرد و جارێکی تر کێشەم لەو بوارەدا نەما.
سەردەمانێک ڕۆمانی سەدساڵ تەنیایی مارکیزم بە زمانی ئینگلیزی خوێندەوە. ڕاستە نووسینێکی ئاڵۆز و گرانە. شتێک نییە هەموو کەس بە سانایی لێی تێبگات. لەگەڵ ئەوەش لەم ماوەیەدا وەرگێڕانە کوردییەکەی کەوتە بەردەستم و پێم خۆش بوو بیخوێنمەوە. ئەیییی ماڵی وێرانم، بۆ چ وەرگێڕانێک! تکایە هەر بەڕێزێک نزیکە لە کاک حەسەن رەستگار و دەیناسێت و دەنگی پێی دەگات، پێی بڵێ واز لە لاقەکردنی زمانی کوردی بهێنێت و وەرگێڕان نەکات و نەنووسێت. بەڕاستی نازانم چی لەسەر بڵێم، هێندە خراپە. خۆزگە نەمبینیایە! زۆریش خەفەت بۆ خوێنەری بەڕێزی کورد دەخۆم کە زمانێکی تری جیهانی نازانن و ناتوانن بەو زمانە شاکارەکانی دونیا بخوێننەوە و ناچار دەبن لەگەڵ ماڵوێرانییەکانی ئەم وەرگێڕە بێئەزموون و داماوانەدا هەڵبکەن.
ماوەیەکە خووم داوەتە نووسەرێکی دیاری کورد، بابەتەکانی فەیسبووکی هەموو دەخوێنمەوە. بەدڵنیاییەوە ڕێزمان و ڕێنووس و خاڵبەندی تەواوە و جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی بکرێت، بەڵام ئاگام لێیە کۆما (فاریزە) زۆر زیاتر لە سنووری خۆی بەکاردەهێنێت. بەشێوەیەک کە واتای نووسینەکانی خەریکن دەگۆڕێن، یاخود ئاسان نین بۆ خوێندنەوە. هێشتاش شایانی ئەوەیە نووسینەکانی بخوێنرێنەوە. دەستخۆشی لێ دەکەم بۆ هەبوونی. ناویشی ناهێنم، با نەبێت بە مەرایی.
یەکەم نووسینی کوردیم، ڕۆمانی یادەوەرییەکانی ئادەم و خوێنی نازدارێک بوو. زۆر لێی ڕازی نیم، بەڵام هێشتاش ئەو خراپە نییە. لەدوای ئەو نووسینەوە کارێکم کردووە کاتێک چاپی دووەمی ڕۆمانەکە بڵاو دەبێتەوە، خۆیشم و خوێنەرانیش شۆک دەبن. بەجۆرێک گۆڕانکاری پۆزەتیڤ بەسەر ناوەرۆک، ستایل، زمان و گێڕانەوەکانیشدا هاتوون کە چاوەڕوان ناکرێت. نووسەر و وەرگێڕ دەبێت بەردەوام لە خۆپەروەردەکردن و خۆبەرەوپێشبردندا بێت؛ بەتایبەت ئەوانەی وەکوو من لەناو دونیای نووسیندا نوێن. هەرچەندە ئێمەی کورد کێشەکەمان زیاتر لەناو توێژە بەتەمەنەکەماندایە، کە بەڕاستی نازانن بنووسن، بەڵام هەندێک لە نووسەر و وەرگێڕە لاوەکانیشمان خەریکن بەجێگەپێی کۆنەکاندا دەڕۆن و قاچیان لە ئاوی لێڵی نووسین و وەگێڕانی ئەوان وەردەدەن.