میدیای رەسمی توركیا، ئەمڕۆ هەینی لەزاری سەرچاوەكانی هەواڵگری وڵاتەكەیەوە هەواڵی كوژرانی بەرپرسێكی پەكەكەی لە شنگال راگەیاند كە بەپێی میدیای پەكەكە، ئەو كەسە لە مانگی شوباتدا شەهیدبوە.
ئاوێنە: میدیای رەسمی توركیا، ئەمڕۆ هەینی، لە هەواڵێكی بەپەلەدا بڵاویكردۆتەوە كە، مەسعود جەلال عوسمان، ناسراو بە "زاگرۆس" چەكدار، بەرپرسی پەكەكە لە شنگال، لە چالاكییەكی دەزگای هەوڵگری توركیا، ناسراو بە میتدا كوژراوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە رۆژی سێشەممە 25ی ئەم مانگە هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) ناسنامەی پێنج شەهیدی بڵاوكردەوە كە یەكێكیان زاگرۆس چەكدار بو.
بەپێی میدیای رەسمی پەكەكە، زاگرۆس چەكدار، رۆژی 27ی شوباتی ئەمساڵ لە هەرێمەكانی پاراستنی میدیا، شەهیدبوە كە خەڵكی شارۆچكەی "دربێسیێ"ی رۆژئاوای كوردستان بوە.
رۆژێك دوای راگەیاندنەكەی هەپەگە، واتە رۆژی چوارشەممە 26ی تەمموز، ئەنجومەنی كەسوكاری شەهیدان لە شارۆچكەی دربێسێی رۆژئاوای كوردستان، رێوڕەسمێكی یادكردنەوەیان بەبێ ئامادەبونی تەرمەكەی، بۆ زاگرۆس چەكدار ئەنجامدا.