مه‌سرور بارزانی: هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌ رابه‌رایه‌تی سه‌رۆك بارزانی شنگالیان رزگار كرد
  2023-08-03       343       

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵیادی جینۆ سایدی ئێزدیه‌كان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، "هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە رێبەرایەتیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەفسانەی چەکدارە تیرۆریستەکانی داعشیان تێکشکاند و شنگالیان رزگار کرد و داستانێکی مێژووییان تۆمار کرد".

ئاوێنە: له‌ په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانیدا هاتووه‌: "نۆ ساڵ لەمەوبەر، تیرۆریستانی داعش هێرشێکی دڕندانەیان کردە سەر شنگال و دەوروبەری و بەوهۆیەوە، هەزاران كەس لە دانیشتووانی ئەو دەڤەرە، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن و ئاوارە کران".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: "لەم یادە خەمگینەدا، بە رێز و شکۆوە یادی هەموو قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە، هەروەها بە پێزانینێکی زۆرەوە یادی خۆڕاگری و قارەمانیەتی و قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە رێبەرایەتیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەینەوە، کە ئەفسانەی چەکدارە تیرۆریستەکانی داعشیان تێکشکاند و شنگالیان رزگار کرد و داستانێکی مێژووییان تۆمار کرد".

ده‌شڵێت: "دەستخۆشی لە هەموو ئەو وڵاتانە دەکەین کە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعشیان لە دژی کوردی ئێزیدی بە فەرمی بە جێنۆساید ناساندووە . هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکار و یارمەتیدەرمان بێت لە کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: "بە داخەوە دوای تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر کارەساتەکەدا، کەچی هێشتا بارودۆخی دەڤەری شنگال ئاسایی نەبووەتەوە و بەهۆی خۆسەپێنی میلیشیا و گرووپە چەکدارە نایاساییەکانەوە، خوشک و برا ئێزدییەکانمان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان و ناوچەکە ئاوەدان نەکراوەتەوە".

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم ئه‌وه‌شی وتووه‌: "لەم یادەدا، پشتیوانیی خۆمان بۆ داخوازییە رەواکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان دووپات دەکەینەوە و پێویستە کۆتایی بە دۆخی نائاسایی شنگال بهێنرێت. هەروەها جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی ئەو هێزە نایاساییانەی لە ناوچەکەدا هەن دەکەینەوە، بۆ ئەوەی بە هاوکاری حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەڤەرەکە ئاوەدان بکرێتەوە و دەسەڵاتی ناوچەکەش بگەڕێتەوە دەست خەڵکی رەسەنی شنگال".

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×