نهێنییەکان لەبارەی دۆسیەی شەنگال ئاشکرا دەکرێن؛ دادگای لاهای 9 ساڵە چاوەڕوانی بەڵگەیە
  2023-08-03       491       

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ساڵی 2014 چوەتە دادگای لاھای و لەگەڵ سەرۆکی دادگاکە کۆبوەتەوە و سکاڵای تۆمارکردوە، دادگاکە داوایانکردوە کە "ناسنامەی داعشێکی دیل رەوانەی دادگای لاھای بکەین بۆ ئەوەی دادگاکە لەوێوە دەست بە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە بکەن، بەداخەوە تا ئێستا ناو و ناسنامەی ھیچ داعشێک نەدرا بەدادگای لاھای تاکو لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە نەکرێن".

سۆران عومەر کە ئەندامی خولی پێشوی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بوە و کەیسی جینۆسایدی ئێزیدیەکان بۆ دادگای لاھای بردوە، رایگەیاند، لە 12ی 9ی 2014 چوینە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاھای، کاتی چون بۆ دادگای لاھای لەسەر داوای بەندە وەزارەتی دەرەوەی ھۆڵندا بۆی ڕێکخستین، لە 10ی 9ی 2014 لەناو پەرلەمانی ھۆڵندا پاش سەرۆکی پەرلەمان قسەم لەسەر تاوانەکانی داعش دەرھەق بە کوردانی ئێزیدی و تورکمانەکان و کاکەیی و مەسیحی و مسوڵمانان کرد".

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە دادگای لاھای لەگەڵ دادوەر ئیمریک رۆجێر کۆبونەتەوە لەنوسینگەی داواکاری گشتی دادگای لاھای، لەگەڵ ئایدن مەعروف، پەرلەمانتاری بەرەی تورکمانی و شێخ شامۆ پەرلەمانتاری پارتی کە ئێزیدی بو، لەگەڵ کاک دڵشاد راوێژکاری پەرلەمان، دادوەر ئیمریک رۆجێر بۆ خۆی فۆڕمی سکاڵاکەی بۆ پڕکردینەوە سکاڵاکار بەندەبو وەک سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان.

سۆران عومەر دەڵێت، "سێ دۆکیۆمێنتی تاوانەکانمان پێشکەش کرد، لە کۆتاییدا وتی بۆ ئەم کەیسە کەتوانەکانی داعشە بەرامبەر ئێزیدیەکان تەنھا ئەم سکاڵا وەردەگیرێت و ئەگەر توانرا لێکۆڵینەوە لەم دۆسێ بکرێ ئەوە تۆ سکاڵاکاری تا ئەنجامی کەیسەکە وەک لایەنی فەرمی پەیوەندیدار، دادوەر وتی تکایە کە گەڕایتەوە بۆ وڵاتی خۆت ئەم فۆڕمە نیشان مەدەو مەڵێ من چوم سکاڵام لەسەر داعش تۆمارکردوە، چونکە ژیانت دەکەوێتە مەترسی و ئێمە لێرەوە تۆمان پێ ناپارێزرێت بۆیە خۆت بپارێزە".

ئەوەشی خستوەتەڕو، "دوای چەندین نامەی فەرمی و ئاڵوگۆڕی زانیاری، دواین جار وتیان کە عێراق ئەندام نییە لەم دادگایە ڕێگرە لەوەی بتوانین راستەوخۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانە بکەین، بەڵام لەڕێگەی ئەو داعشانەوە دەتوانین لێکۆڵینەوە بکەین کە ھەڵگری رەگەزنامەی وڵاتێکی ئەندامی دادگاکەمانن، بۆیە ناسنامەو ناوی داعشێکی دیلمان بدەنێ کە ھەڵگری رەگەزنامەی وڵاتێکی ئەندامی دادگای لاھایە".

سۆران عومەر دەڵێت، "بەفەرمی ئەم داوایەم ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کرد تاکو ناسنامەی داعشێکی دیل رەوانەی دادگای لاھای بکەین بۆ ئەوەی دادگاکە لەوێوە دەست بە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە بکەن، بەداخەوە تا ئێستا ناو و ناسنامەی ھیچ داعشێک نەدرا بەدادگای لاھای تاکو لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە نەکرێن".

ئەوە فۆڕمی سکاڵاکەو بەشێک لەنامەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لەسەر کەیسەکە.


 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×