نەبوونی ڕێکاری جددی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی شنگال ڕێگرە لە گەڕانەوەی ئاوارەكان
  2023-08-03       328       


پارتی ئازادی و دیموكراسی ئێزدییەكان (پادێ)، لە میانی وتارێكدا لە كۆنفرانسی خۆبەڕێوەبەری شنگال كە ئێستا لە بەغدای پایتەخت بەڕێوە دەچێت پشتڕاستی كردەوە، نەبوونی ڕێوشوێنی جددی بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسی و ئەمنییەكان لە شنگال ڕێگرە لە گەڕانەوەی ئێزیدییەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

ئاوێنه‌: لەژێر دروشمی “خۆبەڕێوەبردن گەرەنتی مافی پێكهاتەكانە لە عێراق”، بەسەرپەرشتی خۆبەڕێوەبەری شنگال ئێستا لە هۆڵی ئەقواس لە بەغدا كۆنفرانسێك بەڕێوە دەچێت.

ئازاد عەبدول بە ناوی پارتی ئازادی و دیموكراسی ئێزدی (پادێ) لە میانەی كۆنفڕانسەكەدا وتارێكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند، بەداخێكی قوڵەوە یادی نۆیەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەكان و كارەساتی داگیركردنی شنگال لەلایەن چەتەكانی داعش دەكەینەوە، كە بوونە هۆی ڕفاندنی ژن و پیاو و بە دیلكردنی منداڵان، هەروەها دزینی موڵكی گشتی و تایبەت و لەناوبردنی ژێرخانی ئابووری.

ئاماژەی بەوەش كرد، نۆ ساڵ بەسەر مێژووی جینۆسایدی شنگال لە سەر دەستی چەتەكانی داعش تێدەپەڕێت، تێپەڕبوونی كاتیش هیچ لە كارەساتی تاوانی دژ بە ١٢ هەزار ئێزدی كەم ناكاتەوە، ئەوانەی لە مردن ڕزگاریان بووە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، هەروەها  نەبوونی ڕێوشوێنی جددی بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسی و ئەمنییەكان لە شنگال دۆخەكە زیاتر خراپتر دەكات.

ئازاد عەبدول ڕوونیشی كردەوە،  لە مانگی ئابی ٢٠١٤ چەتەكانی داعش هێرشیان كردە سەر كەرامەتی عێراقییەكان و بە شێوەیەكی دڕندانە جینۆسایدی سیستماتیكیان كرد، ئێزدییە بێتاوانەكانیان كردە ئامانج، ئەمەش بووە برینێكی خوێناوی لە یادەوەری عێراقدا، دوای نۆ ساڵ لە كۆمەڵكوژییەكە، پێویستە دووبارە خوێندنەوە بۆ جینۆساید و كاردانەوەكانی لە چوارچێوەی پارێزبەندییەكانی داهاتوودا بۆ ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی بكرێت.

هەروەها ئازاد عەبدول ئەوەشی خستەڕوو، هەموو كەس بێدەنگ بوون كاتێك ئێزدییەكان بەرەو كوشتن دەبران، هەموو دەنگەكانیش بێدەنگ بوون و هێشتا ناڵەی دایكان بەرەو ئاسمان بەرز دەبێتەوە لەكاتێكدا چاوەڕێی منداڵە ڕفێندراوەكان دەكەن، كە كەس نازانێت لە كوێن، هەروەها دامەزراوە نیشتمانییەكان بەو ئاستە نەجووڵان كە هەندێك كەرامەت بۆ كەسوكاری قوربانییەكان بگەڕێنێتەوە.

ئازاد عەبدول لە كۆتاییدا وتی، ئێمە لە زێدی خۆمان تاوانبار كراین و ئەمەش مافێكی ڕەوایە، چونكە ئێمە لە یەكەم كەسەكان بووین كە لە ناخۆشی و شەڕەكاندا بەرگریمان دەكرد، شەهیدی زۆرمان دا، دواتر بۆمان دەركەوت كە ئێمە تەنها لە ئەركدا هاوڵاتین و لە مافدا بێ بەشین.

بەبەشداریی زیاتر لە ١٥٠ ئەندام لە گەلی ئیزدی و كەسانی ئەكادیمی و یاسایی لە هەموو پێكهاتە جیاوازەكان، كۆنفڕانسی خۆبەڕێوەبەری شنگال لە شاری بەغدا بەڕێوە دەچێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×