حکومەتی هەرێم: پێنج ملیۆن مەتر دوجا زەوی لە مین پاککراوەتەوە
  2023-08-07       253       

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، توانیویەتی لە چوار ساڵی ڕابردودا و لە ڕێگەی دەزگای گشتیی کاروباری مینەوە، پێنج ملیۆن و 38 هەزار و 629 مەتر دوجا زەوی پاک بکاتەوە.

ئاوێنە: بەپێی داتاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنها لە ساڵی 2019-2020دا لە هەر چوار پارێزگاى هەرێمی کوردستان، دو ملیۆن و 56 هەزار و 657 مەتر دوجا زەوی لە 68 کێڵگەی مین پاک کراونەتەوە، کە تیایاندا پێنج هەزار و 92 مینی دژەکەسی و 9 مینی دژە تانک و 6 هەزار و 759 تەقەمەنیی جۆراوجۆر لەناوبراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە بوارى سەردانی ناوچەکاندا بۆ هۆشیارکردنەوەى خەڵک لە مەترسییەکانی مین، چوار هەزار و 589 سەردان و کۆبونەوە لەگەڵ تەمەن و چینە جیاوازەکان کراوە و لەو هەڵمەتانەشدا 173 هەزار و 784 هۆکارى جیاوازی هۆشیارکردنەوە بڵاو کراونەتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕو، لە ساڵانی 2020 و 2021دا نزیکەى 249 هەزار و 832 مەتر دوجا زەوی لە شەش کێڵگە پاک کراونەتەوە کە هەزار و 472 مینی دژەکەسیی و 26 مینی دژەتانک و 21 هەزار و 805 پارچەى تەقەمەنییان تێدا بوە و لەناوبراون، لە ڕوى سەردانی ناوچەکان و هۆشیارکردنەوەى خەڵک، هەزار و 894 سەردان و کۆبونەوە کراوە، کە تێیدا 143 هەزار و 71 هۆکارى هۆشیارى دابەش کراون.


هەربەپێی داتاکان، لە ساڵی 2021 – 2022، روبەری 690 هەزار و 268 مەتر دوجا زەوی، پاک کراوەتەوە، کە ژمارەى کێڵگەى پاککراوەى مین لەو چوارچێوەیەدا 23 کێڵگە بوە کە تیایدا دو هەزار و 179 مینی دژە کەسی و 246 مینی دژە تانک و 19 هەزار و 330 تەقەمەنیی جۆراوجۆر لە نێو بردراون. 

حکومەتی هەرێم دەڵێت، لە چوارەم ساڵی کابینەى نۆیەمدا کە 2022 -2023، دو ملیۆن و 41 هەزار و 854 مەتر دوجا زەوی پاک کراوەتەوە و ژمارەى کێڵگەى پاککراوى مین 49 کێڵگە بوە، ژمارەى مینی دژەکەسیی لەناوبراو سێ هەزار و 648 مین و مینی دژەتانکی لەناوبراو 8 مین بوە. هەروەها ژمارەى پارچەى تەقەمەنیی لەناوبراو 23 هەزار و 415 تەقەمەنی بوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×