پەرلەمانی عێراق پێداچونەوە بە دەفتەری قەرزەکانی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتدا دەکات کە قەرزاری حکومەتن، ئەوەش لە هەوڵێکیدا بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی گەورەی کورتهێنان لە بودجەدا، کە مانگی (حوزەیران/6)ی ئەمساڵ پەسەندیکردبو، نیازەکانی حکومەتیش زیاتر فشاری فەرمی لەسەر کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن دروستدەکەن، لەنێویاندا کۆڕەک تلیکۆم کە "خاوەنی زۆرترین رێژەی قەرزی کەڵەکەبوە".
ئاوێنە: کاروان عەلی، نوێنەری لیژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباح-ی راگەیاند، "کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم خاوەنی زۆرترین رێژەی قەرزی کەڵەکەبوە، دەوڵەت قەرزی کەڵەکەبوی لەلای کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن هەیە و ئێمە بەدواداچونی بەردەوام بۆ بابەتەکە دەکەین لەگەڵ کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و وەزارەتی پەیوەندییەکان بۆ ئەوەی بزانین ژمارەی وردی قەرزەکان چەندە، بەتایبەتی کە بڕیاری دادوەری هەیە کە هەندێک کۆمپانیا پابەند بە دانەوەی قەرزەکانیان دەکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک کۆمپانیا داوایان لە حکومەت کردوە قەرزەکانیان یەکلایی بکەنەوە، "ئێمەش وەک لایەنێکی سەرپەرشتیاریی ئەم پرسە، میوانداریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی پرسەکە دەکەین بەو پێیەی پەیوەستە بە پارەی هاوڵاتیانەوە".
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "ئەو کۆمپانیایانە قازانج ویستن و دەبێت ئەرکی یاسایی خۆیان جێبەجێبکەن، بە گوێرەی یاسای عێراقییش، حکومەت لە توانایدایە قەرزەکانی وەرگرێتەوە کە لە ئەستۆی تاکەکەس و دامەزراوەکاندایە، ئەوەش لە ڕێگەی زنجیرەیەک ڕێکاری یاسایی یەک لە دوای یەکەوە ئەنجام دەدرێت".
لە لایەکی دیکەوە، عەلی تەمر، شارەزای یاسایی بەرۆژنامەکەی راگەیاند، "حکومەتی عێراقی دەتوانێت قەرزەکانی لە کەرتی تایبەت وەربگرێت، چونکە یاسای عێراق بەپێی یاسای 56ی ساڵی 1977 چۆنیەتی وەرگرتنەوەی قەرزی حکومەت لە دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان دیاریکراوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەپێی یاسای 56ی ساڵی 1977، حکومەت دەتوانێت قەرزەکانی لە دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان وەربگیرێتەوە"، هەروەک ماددەی یەکی یاساکە باس لە جێبەجێکردنی یاساکە دەکات تایبەت بە کۆکردنەوەی پارە بۆ دەوڵەت، وەک باج، رسومات، بڕی پابەندبون، داهاتی حکومەت و سودی بانکی بە فەرمانگە فەرمی و نافەرمییەکان، و ئەوانی دیکەش.