دادگای فیدراڵی دوو بڕیاری گرنگی لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان دەرکرد
  2023-08-07       715       

دادگای فیدرالیی عێراق لەسەر سكاڵایەكی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چەند بڕگەیەكی لە یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق بە نادەستووری لە قەڵەم دا.

ئاوێنە: بەپێی راگەیاندراوێكی دادگای باڵای فیدرالیی عێراق كە لە میدیاكانی عێراقەوە بڵاو كراوەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 7ی ئابی 2023، دادگای فیدرالی لەبارەی سكاڵایەكی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دژی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە چەند ماددەیەكی یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2023ی یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق كۆبۆتەوە و بڕیاری كۆتایی و پابەندی بۆ تەواوی دەسەڵاتەكان داوە لەبارەی نادەستووریبوونی دەستەواژەی (حصرا) كە لە بڕگەی یەكەمی ماددەی دوو و خاڵی شەشەم لە بڕگەی (ج)ی ماددە هەشتدا هاتووە، هەروەها دەستەواژەی (لەسەر بنەمای داواكارییەكەی) كە لە كۆتایی بڕگەی دووەمی ماددە 16 و بڕگەی شەشەمی ماددەی 20 و بڕگەی چوارەمی ماددەی 28 و بڕگەی یەكەمی ماددەی 57 و بڕگەی دووەمی ماددەی 70دا هاتووە.

جگە لەوەی سكاڵاكەی محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی بڕگەی چوارەمی ماددەی 28 و بڕگەی چوارەمی ماددەی 62 و بڕگەی سێیەمی ماددە 63 و بڕگەی دووەمی ماددەی 65 و ماددەكانی 71 و 75دا ڕەت كراوەتەوە و بە دەستووری دانراون.

هەر ئەمڕۆ، دادگاكە لەبارەی سكاڵایەكی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە دژی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە ماددەكانی یاسای بودجەی گشتیی عێراق كۆبۆتەوە، تێیدا بڕیاری كۆتایی و پابەندی بۆ تەواوی دەسەڵاتەكان دەركردووە بە ”نادەستووری بوونی“ دەستەواژەی (بە رەزامەندیی سەرۆك وەزیرانی فیدرالی) كە لە بڕگەی یەكەمی ماددە 11دا هاتووە، هەروەها دەستەواژەی (لە حاڵەتی نەگەیشتنە چارەسەر، ئەنجوومەنی نوێنەران بۆی هەیە بڕیاری پێویست بدات) كە لە بڕگەی حەوتەمی ماددە 13ی یاساكەدا هاتووە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×